عه‌مرو مو‌سا: سیستانی له 2005دا دووجار یه‌ك داوای لێكردم
له كتێبێكدا بیره‌وه‌رییه‌كانی خۆی به ناوی "ساڵانێك له كۆمكاری عه‌ره‌بی" بڵاوكردووه‌ته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
عه‌مرو مو‌سا، ئه‌مینداری پێشووی كۆمكاری عه‌ره‌ب، له كتێبێكدا بیره‌وه‌رییه‌كانی خۆی به ناوی "ساڵانێك له كۆمكاری عه‌ره‌بی" بڵاوكردووه‌ته‌وه و تێیدا ئاشكرایكردوو، عه‌لی سیستانی، گه‌وره مه‌رجه‌عی شیعه له عێراق، دوو جار پێی وتووه: "عێراق هه‌ڵمه‌ده‌نه باوه‌شی ئێرانه‌وه".
عه‌مرو مو‌سا، روونیكردووه‌ته‌وه، سه‌ركرده‌كانی عه‌ره‌ب، له ئۆكتۆبه‌ری 2005 ره‌زامه‌ندیان ده‌ربڕی، ئه‌مینداری كۆمكاری عه‌ره‌ب سه‌ردانی عێراق بكات و لیژنه‌ی وه‌زاری عه‌ره‌ب له جدده كۆبوونه‌وه و رێككه‌وتن ئه‌میندار سه‌ردانی به‌غدا بكات بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده‌كاری بۆ كۆنگره‌ی ئاشته‌وایی نیشتمانی عێراق له ژێر چاودێری كۆمكاری عه‌ره‌بی بكات.
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته رۆژی 20ی ئۆكتۆبه‌ری 2005، عه‌مرو مو‌سا گه‌یشتووه‌ته به‌غدا و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌و كات، ئیبراهیم جه‌عفه‌ری و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، حاچم ئه‌لحه‌سنی و عادل عه‌بدولمه‌هدی و هۆشیار زێباری كۆبووه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ عه‌بدولعه‌زیز حه‌كیم و ده‌سته‌ی زانایانی موسڵمانی سوننه‌كان كۆبووه‌ته‌وه و له‌گه‌ڵ هه‌موویان باسی ئاشته‌وایی نیشتمانی كردووه.
له كتێبه‌كه‌یدا، ئه‌مینداری پێشووی كۆمكاری عه‌ره‌ب، نووسیویه‌تی: رۆژی 11ی ئۆكتۆبه‌ری 2005 به هێلیكۆپته‌ر چوومه نه‌جه‌ف و سه‌ردانی ماڵه ساده‌كه‌ی سیستانیم كرد و له‌سه‌ر زه‌وی دانیشتم له‌گه‌ڵی.
هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی: سیستانی له قسه‌كانیدا جه‌ختیی له‌سه‌ر پاراستنی یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق و سه‌لامه‌تی خاكه‌كه‌ی و ده‌رچوونی داگیركارانی بیانی به رێگه‌ی ئاشتیانه كرده‌وه. هه‌ڵبژاردنیشی پێ گرنگ بوو و گوتی: پێویسته دادوه‌ری بۆ هه‌موو خه‌ڵكی عێراق بێته دی.
ئاشكراشیكردووه، به‌ر له‌وه‌ی هه‌ڵسێت، سیستانی داوایكردووه بۆ چه‌ند خوله‌كێك به‌جێیان بهێڵن و كاتێك هه‌مووان چوونه‌ته ده‌ره‌وه، سیستانی به عه‌مرو موسای گوتووه: به‌ڕێز ئه‌مینداری گشتیی و برای خۆشه‌ویستم عه‌مرو مو‌سا، شتێكت پێ ده‌ڵێم له بیرت بێت، عێراق هه‌ڵمه‌ده‌نه باوه‌شی ئێرانه‌وه.
عه‌مرو مو‌سا له درێژه‌ی ئه‌و گێڕانه‌وه‌یه‌دا نووسیویه‌تی: پێم وت، بۆ ئه‌وه هاتووم و بوونم لێره بۆ جه‌ختكردنه‌وه‌یه له‌سه‌ر ناسنامه‌ی عه‌ره‌بی عێراق، له به‌رامبه‌ردا سیستانی هه‌مان رسته‌ی دووباره كرده‌وه و گوتی: برام عێراق فڕێ مه‌ده‌نه باوه‌شی ئێرانه‌وه.