مەسعود پزیشکیان: هەمیشە گفتوگۆ ستراتیژی ئێمە بووە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە ئاشتیانە
ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی شوباتی 2026، مەسعود پزیشکیان سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، لە زمانی هەڕەشەکردن بە هێز خۆشنابین.
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، گفتوگۆکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران کە رۆژی هەینی رابردوو لە مەسقەت بەڕێوەچوون بە باش وەسف کرد، مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران جەختی کردەوە کە "گەلی ئێران وەڵامی رێز بە رێز دەداتەوە و زمانی هەڕەشەکردن بە هێز قبووڵ ناکات."
ئەمڕۆ یەکشەممە، پزیشکیان لە لێدوانێکدا دووپاتی کردەوە، دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا دەربارەی دۆسیەی ئەتۆمی، هەنگاوێک بووە بەرەو پێشەوە.
ئاماژەی بەوەش دا کە "هەمیشە گفتوگۆ ستراتیژی وڵاتەکەی بووە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە".
راشیگەیاند، لۆژیکی ئێران لە پرسە ئەتۆمییەکاندا پشت دەبەستێت بەو مافانەی لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمیدا هاتوون.
رۆژی هەینی 6ـی شوباتی 2026، دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا لە سەڵتەنەتی عوممان بەڕێوەچوو، کە دوای کۆتاییهاتنی دانوستانەکە هەردوولا کۆبوونەوەکانیان بە ئەرێنی وەسف کرد.