زیندانییانی داعش مۆتەکەی ترسناکی سەر دۆخی ئەمنیی عێراقن

عێراق بەردەوامە لە گواستنەوەی دەستگیرکراوانی سەر بە رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە زیندانەکانی سووریاوە بۆ زیندانەکانی عێراق.

گواستنەوەی زیندانییەکانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق، لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی پێشووی نێوان بەغدا و واشنتن و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە مەبەستی رێگریی  هەڵاتنیانە لە زیندانەکانی سووریا؛ پاش ئەو دۆخە پشێوییەی مانگی رابردوو ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ، کە کەمپ و زیندانەکانی لەخۆگرتووە و هەزاران ئەندامی ئەو رێکخراوە و خێزانەکانیشانی تێدایە."

سەرچاوە ئەمنییەکانی عێراق، ئاماژە بەوە دەکەن "هەندێک لە زیندانییەکان لە کاتی پرۆسەی گواستنەوەیاندا هەڕەشەیان لە سەرباز و پاسەوانە ئەمنییەکان کردووە و گوتوویانە: ئێمە رۆژێک دەتانکوژین و لە زیندان هەڵدێین. ئەمەش نیشانەی بەردەوامیی مەیلی توندوتیژی لای چەکدارانی رێکخراوەکەیە، تەنانەت لە کاتی دیلیاندا.

مانگی رابردوو، عێراق بە فەرمی، رەزامەندی دەربڕی لەسەر وەرگرتنەوەی هەزاران زیندانی لە ئەندامانی رێکخراوەکە، ئەوانەی کە لە زیندانەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە، لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، دەستبەسەر بوون.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی 'شەرقولئەوسەت' حکوومەتی عێراق، ئەم هەنگاوەی  بە 'خۆپارێزانە' وەسف کردووە  و بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و رێگریی لە هەڵاتنی ئەوانە، بەتایبەتی لە سایەی ناجێگیری دۆخی ئەمنی ناوچەکانی سووریا لە قەڵەمی داوە.

 ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی رابردوودا بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای ئەمنی دا بۆ سەرپەرشتی پرۆسەی گواستنەوەی زیندانیان چۆنییەتی مامەڵەکردنیان، بە شێوەیەک کە لایەنە ئەمنی و دادوەری و لۆجیستییەکان بگرێتەوە.

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، دوێنێ شەممە، رایگەیاند کە دوو هەزار و 250 ئەندامی زیندانیکراوی داعشی لە سووریا وەرگرتووەتەوە و بەگوێرەی یاسا بەرکارەکانی عێراق کە تایبەتن بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، دەستکراوە بە رێکارەکانی پۆڵێنکردنیان لە ڕووی دادوەرییەوە .

 سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراق، گوتی: عێراق، بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و بە هەوڵێکی زۆری هێزە ئەمنییەکان، دوو هەزار و 250 ئەندامی داعشی لە رێگەی وشکانی و ئاسمانییەوە لە سووریا،  وەرگرتووەتەوە و ئێستە لە بنکە حکوومییە توندوتۆڵەکاندا دەستبەسەر کراون.

مەعن جەختی کردەوە "حکوومەت و هێزە ئەمنییەکان لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم زیندانییانە، بۆ دوورخستنەوەی مەترسی نەک تەنها لەسەر عێراق، بەڵکو لەسەر جیهان."

سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی، گوتیشی: تیمە تایبەتمەندەکان دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوەی سەرەتایی و پۆڵێنکردنی ئەو چەکدارانە بەپێی ئاستی مەترسیدارییان، جگە لە نووسینەوەی دانپێدانانەکانیان لەژێر سەرپەرشتیی راستەوخۆی دادوەریدا و پاشان داداگاییکردنی هەموو ئەوانەی تاوانیان بەرانبەر عێراقییەکان کردووە، لە دادگە تایبەتمەندەکانی عێراقدا. 
لەهەمان چوارچێوەدا، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە هەفتەی رابردوودا دەستپێکردنی رێکارەکانی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ هەزار و 387 ئەندامی تیرۆریستیی 'داعش'ـی راگەیاند کە لەم دواییانەدا لە خاکی سووریاوە وەرگیراونەتەوە

 پێشتریش دادوەر رەحیم عگێلی، رایگەیاند "دەکرێت ئەو دەستگیرکراوانەی عێراق لە سووریاوە وەریان دەگرێتەوە، لەبەردەم دادگەی تاوانەکانی عێراق دادگایی بکرێن ئەگەر تۆمەتی تاوانکردنیان لە دەرەوەی عێراق، لەو تاوانانەی ئاسایشی ناوخۆ، یان دەرەکی دەوڵەت دەخەنە مەترسییەوە، ئاراستە بکرێت."

سەرچاوە ئەمنییەکانی عێراق، جەخت دەکەنەوە لەوەی "زۆربەی ئەو زیندانیانەی لە سووریاوە دەگوێزرێنەوە، لە زیندان و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن لە بەغدا و حیللە دادەنرێن؛ کە دامەزراوەی دەستبەسەرکردنی زۆر پارێزراویان تێدایە."

بەگوێرەی سەرچاوە ئەمنییەکانی عێراق "دەزگای دژەتیرۆر سەرپەرشتی پرۆسەکانی گواستنەوە و دابەشکردنی ئەو زیندانیانە دەکات و لە کاتی گواستنەوەیاندا دەست و پێیان دەبەسترێتەوە و دەموچاویشیان دادەپۆشرێت. هەروا فەرمانی توند بە هێزە ئەمنییەکان دراوە کە بەهیچ جۆرێک قسە لەگەڵ زیندانییەکاندا نەکەن و وەڵامی پرسیار و قسەکانیان نەدەنەوە."

سەرباری ئەو هەموو رێکارە ئەمنییانە، هێشتا کۆنترۆڵکردنی ئەو ئەندامە دەستگیرکراونەی داعش، بە مۆتەکەیەکی ترسناک بۆ سەر دۆخی ئەمنیی عێراق دەزانرێت و حکوومەت و دەزگا ئەمنییەکانیش ئەو راستییە دەزانن کە مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش، لە هەموو کاتێک زیاترە.