پەرلەمانتارێکی ئەوروپا: گۆڕینی رژێمی رووسیا خەونێکی مەحاڵی یەکێتی ئەوروپایە
فرناند کارتهایزەر، پەرلەمانتاری لۆکسمبۆرگ لە پەرلەمانی ئەوروپا، رەخنەی توند لە سیاسەتەکانی یەکێتی ئەوروپا بەرامبەر بە رووسیا دەگرێت و رایدەگەیەنێت؛ هەوڵەکانی برۆکسل بۆ گۆڕینی دەسەڵات لە مۆسکۆ "دوورن لە راستی".
کارتهایزەر لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی "تاس" ئاشکرای کرد؛ یەکێتی ئەوروپا لە رێگەی فشارەکانییەوە خەونی گۆڕینی رژێمی سیاسی لە رووسیا دەبینێت. بەڵام جەختی کردەوە؛ شیکارییە وردەکان بۆ دۆخی ناوخۆی مۆسکۆ دەریدەخەن کە سیناریۆیەکی لەو شێوەیە "بە تەواوی لە پرسیار دەرچووە و ناڕاستە".
ئەم پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە کرد؛ توندکردنەوەی مەرجەکانی پێدانی ڤیزە بە هاووڵاتیانی رووسیا، هەوڵێکە بۆ ورووژاندنی ناڕەزایی دژی حکوومەتەکەی پوتن. کارتهایزەر ئەم هەنگاوەی بە بێمانا وەسف کرد و گوتی: "تاکە کاریگەریی ئەم بڕیارانە ئەوەیە کە گەشتیارانی رووسیا ئێستا وڵاتانی دیکە بۆ گەشتەکانیان هەڵدەبژێرن و چیتر روو لە ئەوروپا ناکەن."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، کارتهایزەر تیشکی خستە سەر زیانە ئابوورییەکانی ناوخۆی ئەوروپا و رایگەیاند: کەرتی گەشتییاری لە وڵاتانی وەک ئیتاڵیا و فەرەنسا بەهۆی ئەم سنووردارکردنانەوە زیانی بەرچاویان بەرکەوتووە. هەروەها ئەم جۆرە سزایانە لە رووی تیۆرییەوە دەکرێت بە ئاسانی هەڵبگیرێن، ئەگەر ئیرادەیەکی سیاسی هەبێت.
بەگوێرەی داتاکانی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، سیاسەتی توندکردنەوەی ڤیزە کاریگەرییەکی گەورەی هەبووە؛ بە شێوەیەک کە ژمارەی ڤیزە دراوەکان بە رووسەکان لە چوار ملیۆن ڤیزەوە لە ساڵی 2019، بۆ تەنیا 500 هەزار ڤیزە لە ساڵی 2023 دابەزیوە.
ئەم گۆڕانکارییانە دوای ئەوە دێن کە لە بەهاری 2022، یەکێتی ئەوروپا رێککەوتنی ئاسانکاری ڤیزەی لەگەڵ رووسیا هەڵوەشاندەوە، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر جەنگی ئۆکرانیا.