عێراق لە پێشەنگی بازاڕەکانی جیهانە بۆ هاوردەکردنی برنجی بەسمەتی
لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی 2026، عێراق پێگەی خۆی وەک یەکێک لە گەورەترین و گرنگترین بازاڕەکانی هاوردەکردنی برنجی بەسمەتی هیندی لە جیهاندا چەسپاند، لە پاڵ هەریەکە لە وڵاتانی ئێران و ئەفغانستان.
یەکشەممە 8ـی شوباتی 2026، راپۆرتە بازرگانییەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، بازاڕی جیهانی برنج بەهۆی رێککەوتنە بازرگانییە نوێیەکەی نێوان ئەمریکا و هیندستان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، سەرچاوەکانی بازاڕی دانەوێڵە ئاماژە بەوە دەکەن کە خواستی عێراق بۆ برنجی بەسمەتی بە جێگیری و بەهێزی ماوەتەوە، ئەمەش بەهۆی پابەندبوونی بەکاربەری عێراقی بەم جۆرە برنجە و پشتبەستنی تەواوی بازاڕی ناوخۆ بە هەمان بەرهەم.
لە کاتێکدا ئەمریکا و هیندستان رێککەوتنیان واژۆ کردووە بۆ کەمکردنەوەی رەسمی گومرگی بۆ 18%، بەڵام چاودێران جەخت دەکەنەوە کە ئەمە کاریگەری نەرێنی لەسەر خواستی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەبووە.
عێراق بە جیاواز لە بازاڕەکانی دیکە، ئەو بڕە زەبەلاحەی برنج کە هاوردەی دەکات، تەنها بۆ بەکارهێنانی ناوخۆییە و دووبارە هەناردەی ناکاتەوە.
لە رووی ئابوورییەوە، برنجی بەسمەتی هیندی بەهۆی هەرزانیی نرخەکەی بەراورد بە برنجی پاکستانی، بووەتە جێی سەرنجی بازرگانانی عێراق، بۆیە پێشبینی دەکرێت کۆی هەناردەی برنجی هیندستان لە وەرزی 2025-2026 بگاتە 24 ملیۆن تۆن، کە بەشێکی زۆری بۆ بازاڕی عێراق دەبێت.
شارەزایان پێیان وایە، عێراق وەک جەمسەرێکی سەرەکی لە بازرگانی برنجی ئاسیاییدا دەمێنێتەوە و گۆڕانکارییە گومرگییەکانی ڕۆژئاوا کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر پێگەی ستراتیژی عێراق لەم بوارەدا نابێت.