ئیسرائیل هۆشداری دەداتە ئەوروپا: مووشەکەکانی ئێران دەگەنە سنوورەکانتان

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هۆشداری دەدات کە مووشەکە بالیستییەکانی ئێران تەنیا مەترسی نین بۆ سەر ئیسرائیل، بەڵکوو دەگەنە ئەوروپاش، جەختیش دەکاتەوە کە دەبێت رێگری لە دەستگەیشتنی تاران بە چەکی ئەتۆمی بکرێت.

یەکشەممە 8ـی شوباتی 2026، جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە میانی پێشوازی لە هاوتا پاراگواییەکەی رایگەیاند، مووشەکە بالیستییەکانی ئێران مەترسییەکی راستەوخۆن بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل و تەنانەت سنوورەکانی ئەوروپاش دەگرنەوە، بۆیە پێویستە وڵاتانی ئەوروپا هەست بەو مەترسییە بکەن.

ساعر پەیامێکی ئاراستەی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد و گوتی: ناکرێت بە هیچ شێوەیەک رێگە بە ئێران بدرێت دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات، چونکە ئەگەر ئەوە رووبدات ئاشتیی تەواوی جیهان دەکەوێتە مەترسییەوە.

سەبارەت بە دۆخی غەززە، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هەڵوێستی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە کە چەکداماڵینی حەماس و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی غەززە بابەتێکە ئیسرائیل سازشی لەسەر ناکات و دەبێت جێبەجێ بکرێت.