شاندێکی حکوومەتی سووریا سەردانی کێڵگە نەوتییەکانی رۆژئاوا دەکات

یەکشەممە 8ـی شوباتی 2026، پەیامنێری کوردستان24 لە قامشلۆ رایگەیاند، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق، شاندێکی حکوومەتی سووریا سەردانی کێڵگە و دامەزراوە نەوتییەکانی سنوورەکە دەکات.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 لە شاری قامشلۆ، بڕیارە لە دوو ڕۆژی داهاتوودا شاندەکەی حکوومەتی سووریا بە مەبەستی بەسەرکردنەوە و ئاگاداربوون لە دۆخی بەرهەمهێنان، سەردانی کێڵگەی نەوتی رمێلان و کارگەی غاز و نەوتی سوێدییە بکات.

ئەم سەردانە وەک بەشێک لە هەنگاوە کردەییەکانی جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەیە دێت کە لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی دیمەشق ئەنجام دراوە بۆ رێکخستنەوەی دۆسیەی وزە و ئیدارەدانی کێڵگەکان.

هەروەها هەر ئەمڕۆ بە مەبەستی بەکارخستنەوە و گواستنەوەی سەرپەرشتیاریی فڕۆکەوانی، شاندێکی حکوومەتی سووریا گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی قامشلۆ، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ نزیکبوونەوەی کاتی کاراکردنەوەی تەواوەتیی گەشتە ئاسمانییەکان لەو فڕۆکەخانەیە.

هاوکات بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، شاندێکی حکوومەتی سووریا کە گەیشتبوونە نێو فڕۆکەخانەی قامشلۆ، لەلایەن مەروان عەلی، بەرپرسی ئاسایشی پارێزگای حەسەکە سەرۆکایەتی دەکرا و ئەرکی سەرەکییان بریتییە لە ئامادەکاری بۆ بەگەڕخستنەوەی فڕۆکەخانەکە.

هەر بەپێی زانیارییەکان، ئامانجی ئەم هەنگاوە ئەوەیە، فڕۆکەخانەی قامشلۆ بە فەرمی بخرێتەوە ژێر رکێفی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی دیمەشق، شاندە تەکنیکی و ئەمنییەکە ئێستا کار لەسەر دابینکردنی پێداویستییە کارگێڕی و هونەرییەکان دەکەن بۆ ئەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا فڕۆکەخانەکە بە ڕووی گەشتەکاندا بکرێتەوە و چالاکییەکان وەک جاران دەستپێبکەنەوە.

هەروەها هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، شاندێکی باڵای وەزارەتی ناوخۆی سووریا، بە سەرۆکایەتیی مەڕوان عەلی، فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگای حەسەکە و بە ئەندامییەتیی ئەحمەد ئەلئەحمەد، بەڕێوەبەری ئیدارەی ئاسایشی فڕۆکەخانە و دەروازەکان، کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئەنجام دا.

بە پێی راگەیەنراوی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، تەوەرەی سەرەکیی کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمەکانی ڕادەستکردنەوەی ئیدارەی فڕۆکەخانەی قامشلۆ لە پارێزگای حەسەکە بە حکوومەتی سووریا. ئەم هەنگاوەش وەک تەواوکارییەک دێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەندانەی کە پێشتر لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی سووریا و هەسەدەدا واژۆ کراون.