پۆلیسی بەغدا دەستگیرکردنی دەیان کەسی عەرەب و بیانی راگەیاند

وێنەی دەستگیرکراوەکان
وێنەی دەستگیرکراوەکان

فەرماندەیی پۆلیسی بەغدا لە هەڵمەتێکی ئەمنیدا دەستگیرکردنی دەیان کەسی بیانی و عەرەبی بەتۆمەتی سەرپێچی لە یاساکانی نیشتەجێبوون راگەیاند. 

فەرماندەیی پۆلیسی بەغدا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، هەڵمەتێکی ئەمنی بەرفراوانیان دەستپێکردووە بۆ چاودێریکردنی کرێکارانی بیانی، ئەمەش لە چوارچێوەی بەهێزکردنی ئاسایش و جێبەجێکردنی یاسا کارپێکراوەکانە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، لە هەڵمەتە ئەمنیەکەدا 98 کەسیان دەستگیرکردووە کە سەرپێچی مەرجەکانی رەگەزنامە و نیشتەجێبوونیان کردووە، پۆلیس ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرجەم سەرپێچیکاران لە بنکەکانی پۆلیس دەستبەسەرکراون تاوەکوو رێکارە یاساییەکان تەواو دەکرێن.

پێشتریش فەرماندەیی پۆلیسی بەغدا دەستگیرکردنی 126 سەرپێچیکاری مەرجەکانی نیشتەجێبوونی لە عەرەب و بیانی راگەیاندبوو.

لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، فەرماندەیی هێزە سنوورییەکانی عێراق رۆژی یەکشەممە، دەستگیرکردنی 15 کەسی بیانی راگەیاند کە بە رەگەزنامەی ئاسیایی هەوڵیان داوە بە شێوەیەکی نایاسایی لە سنووری ئیداریی پارێزگاکانی سلێمانی و واست سنوور ببەزێنن و بەقاچاخ بێنە ناو عێراق.