مستەفا شێخ موسلیم: دیمەشق بەڵێنی هەڵگرتنی گەمارۆی سەر کۆبانێی داوە
شاندێکی ئاسایش لە حەلەب لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی سووریا کۆبووەتەوە و لایەنی حکوومەت بەڵێنی داوە گەمارۆی سەر ناوچەکە هەڵبگرێت و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان دابین بکات.
مستەفا شێخ موسلیم، راوێژکاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، وردەکاریی دیدارەکانی نێوان شاندی کۆبانێ و بەرپرسانی حکوومەتی سووریای لە حەلەب بۆ کوردستان24 ئاشکرا کرد. بە گوتەی ئەو، کۆبوونەوەکە لە "کەشێکی ئەرێنی"دا بەڕێوەچووە و تەوەری سەرەکی بریتی بووە لە هەڵگرتنی گەمارۆی سەر کۆبانێ و گوندەوارەکانی.
مستەفا شێخ موسلیم روونی کردەوە، بەرپرسانی حکوومەت بەڵێنیان داوە رێگەکان بکەنەوە و کۆتایی بەو گەمارۆ توندە بهێنن لەسەر کۆبانێ سەپێندراوە. هاوکات بەڵێنی کارئاسانییان داوە بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییەکانی وەک کارەبا، ئاو، دەرمان و شیر، لەگەڵ رێگەدان بە گەیشتنی گازوایل (مازۆت) بۆ دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان.
مستەفا شێخ موسلیم جەخت دەکاتەوە: "ئەمە یەکەم جار نییە حکوومەت بەڵێنی لەم شێوەیە دەدات. پێشتر چەندین جار رێککەوتن کراوە، بەڵام لە رووی کردەییەوە هیچ نەگۆڕاوە. هیوادارین ئەم جارە بەڵێنەکان جێبەجێ بکرێن و خەڵک لەم قەیرانە مرۆییە رزگار بکرێن".
راوێژکارەکەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر گوتیشی: "ئێستا لە کۆبانێ کارەبا و ئاوی خواردنەوە زۆر کەمە. ئینتەرنێتی سووریا ساڵێکە بڕاوە و تەنیا پشت بە ئینتەرنێتی کۆمپانیای ئارسێل یان ئینتەرنێتی تورکیا دەبەسترێت، ئەوانیش هەمیشە بەردەست نین".
سەبارەت بە دابەشبوونی هێزەکان، راوێژکارەکەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاشکرای کرد؛ هێزەکانی حکوومەتی سووریا لە ناوچە گوندەوارەکانی وەک قەنایە و شێخلەر جێگیر بوون، بەڵام دۆسیەی ئەمنیی ناوەندی شاری کۆبانێ لەدەست هێزەکانی ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دایە.
لە کۆتاییدا موسلیم دووپاتی کردەوە؛ هەڵگرتنی گەمارۆ مافێکی مرۆیی خەڵکی ناوچەکەیە و نابێت بکرێتە بابەتی مامەڵەی سیاسیی کاتی.