بیستن دواهەمین هەستی مرۆڤە لەسەرە مەرگ لەدەستی دەدات

پزیشکان و پسپۆرانی بواری تەندروستی، نهێنییەکانی کۆتا ساتەکانی تەمەنی مرۆڤ و ریزبەندیی لەدەستدانی هەستەکان ئاشکرا دەکەن؛ بەگوێرەی توێژینەوەکان، هەستی بیستن تاوەکو کۆتا چرکەکانی پێش مردن، بە چالاکی دەمێنێتەوە.

کۆمەڵێک پزیشک و شارەزایانی چاودێریی پزیشکی، ریزبەندیی لەدەستدانی هەستەکانی مرۆڤ لە کۆتا کاتژمێرەکانی پێش مردنیان ئاشکرا کرد، کە لە رووی پزیشکییەوە بە قۆناخی "سەرەمەرگی چالاک" دەناسرێت و تێیدا کاری ئەندامەکانی جەستە بە خێرایی بەرەو سستبوون دەچن.

بە گوتەی پسپۆران، زانیارییەکان دەربارەی ئەوەی مرۆڤ لە سەرەمەرگدا هەست بە چی دەکات تا ئێستا سنووردارن، چونکە زۆربەیان پشت بە تێبینی ئەندامانی خێزان و کارمەندانی کەرتی تەندروستی دەبەستن، ئەمەش بەهۆی ئەوەی نەخۆشەکان لەو قۆناخەدا بەهۆی بێهێزی یان نەمانی وەڵامدانەوە، توانای دەربڕینی هەستەکانیان نییە.

جەیمس هالێنبێک، پرۆفیسۆری چاودێریی پزیشکی لە زانکۆی ستانفۆرد، لە کتێبەکەیدا بە ناوی "Palliative Care Perspectives" ئاماژەی بەوە کردووە، لەدەستدانی هەستەکان بە ریزبەندییەکی نیمچە جێگیر روودەدەن؛ سەرەتا هەستی برسییەتی نامێنێت، دواتر تینووێتی، پاشان توانای قسەکردن و دواتریش بینین، بەڵام هەستی بیستن و دەست لێدان بە دوایین هەست دادەنرێن کە مرۆڤ لەدەستیان دەدات.

شارەزایان پێیان وایە ئەم رێزبەندییە هۆکارە بۆ رێنماییەکانی  پزیشکان کە تەنانەت لە قۆناخە پێشکەوتووەکانی سەرەمەرگیشدا، کەسوکاری نەخۆشەکە قسەی لەگەڵ بکەن و بە نەرمی دەستی لێ بدەن، چونکە ئەگەری زۆرە ئەو هەستانە تا کۆتا ساتەکان بە چالاکی دەمێننەوە.

دەربارەی ئەوەی بە "ئەزموونی نزیکبوونەوە لە مردن" ناسراوە، دەیڤید هۆفدا، بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی پێکانەکانی مێشک لە زانکۆی کالیفۆرنیا، ئاماژەی بەوە کرد، مێشک دەست دەکات بە وازهێنان لەو ناوچانەی کە بۆ مانەوە لە ژیان گرنگییەکی کەمتریان هەیە، ئەمەش دەبێتە هۆی چالاکبوونی کۆئەندامی بینین لای هەندێک کەس، کە رەنگە لێکدانەوە بێت بۆ بینینی رووناکییەکی بەهێز کە رزگاربووانی جەڵتەی دڵ باسی دەکەن.

لە لایەکی دیکەوە، جیمۆ بۆرجیگین، زانای دەمارزانی لە زانکۆی میشیگن، روونی کردەوە کە مێشک لە کاتی مردندا رووبەڕووی لێشاوی لەناکاوی هەندێک ماددەی کیمیایی دەبێتەوە. ئەمە چالاکییەکی نائاساییە کە لە تاقیکردنەوەکانی سەر ئاژەڵان بینراوە و رەنگە بەرپرسیار بێت لەو هەستە "زۆر واقیعییەی" کە هەندێک کەس باسی لێوە دەکەن.

لە کۆتا کاتژمێرەکاندا، نەخۆشەکان بە گشتی لە خواردن و خواردنەوە دەوەستن و وردە وردە بینین لەدەست دەدەن، پێش ئەوەی چاوەکانیان دابخەن و وا دەربکەون کە لە خەوێکی قووڵدان. هالێنبێک پێی وایە ئەم دۆخە زیاتر لە "خەون بینین" دەچێت نەک لەدەستدانی تەواوەتیی هۆشیاری و دەڵێت: "سەرەتاکەی بە وردی دیاری ناکرێت، بەڵام وردە وردە چڕ دەبێتەوە تاوەکو دەگاتە کۆتایی."