"توركیا دەمیرتاش ئازاد نەكات سزا دەدرێت"

ھەدەپە: ئەردۆغان دەستوەردان لە دۆسیەی دەمیرتاش دەكات
سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش ھاوسەرۆكی پێشووی ھەدەپە
سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش ھاوسەرۆكی پێشووی ھەدەپە

K24 - ئیستانبوڵ

پارێزەرانی سەڵاحەدین دەمیرتاش ئاماژە بەوە دەكەن "بڕیارەكەی دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپا، توركیا پابەند دەكات بە ئازادكردنی دەمیرتاش، ئەگەرنا دووچاری سزا و گەمارۆی گەورە دەبێتەوە".

لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا لەگەڵ پارێزەرانی دەمیرتاش، پەروین بوڵدان ھاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان (ھەدەپە) رایگەیاند "سەرۆك كۆماری توركیا دەستوەردان لە دۆسیەی دەمیرتاش دەكات"، بەڵام ئەوان بەرامبەر ئەم پێشێلكارییە بێدەنگ نابن.

مەحسونی قارەمان، پارێزەری دەمیرتاش بە كوردستان24ی گوت: "دوای بڕیاری دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا، دەبێ دەمیرتاش ئازاد بكرێت و بڕیارەكە جێبەجێ بكرێت، چونكە پێشتر توركیا بە رێككەوتن بڕیارەكانی ئەو دادگایەی قبووڵ كردووە و دەبێ ئێستاش رێزی لێبگرێت، ئەگەر دەمیرتاش ئازاد نەكرێت توركیا رووبەڕووی سزا دەبێتەوە".

لەوبارەوە پەروین بوڵدان، ھاوسەرۆكی ھەدەپە گوتی: "دەبێ ھەمووان رێز لە بڕیاری دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بگرین، ئێمە وەك ھەدەپە چاوەڕوانین پێشوازی لە دەمیرتاش بكەین، ئەردۆغان دەستوەردان لە دۆسیەی دەمیرتاش دەكات".

ئەمە لەكاتێكدایە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا دوێنێ 23/12/2020 رایگەیاندبوو، ئەوان پابەند نابن بە بڕیارەكە و "دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا، ناتوانێ لە جیاتی دادگاكانی توركیا بڕیار بدات".

لە 22/12/2020، دادگای ئه‌وروپایی بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، داوای له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا كرد، ده‌ستبه‌جێ كه‌سایه‌تی سیاسی كورد، سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش، ئازاد بكه‌ن.