نەتەوە یەکگرتووەکان: ساڵی داهاتوو بۆ عێراق ئاسان نابێت

عێراق زۆربەی کێشە داراییەکانی ئەمساڵی، کە بەهۆی دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوت تووشی ببوو، دەباتە ساڵی داهاتوو.

جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان
جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان

K24 - هەولێر

بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ساڵ، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان چوارشەممە پەیامێکی بڵاوکردەوە و، هۆشداری دا لەوەی ساڵی داهاتوو ئاسان نابێت بۆ عێراق.

جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیەندراوەکەیدا دەڵێ "عێراقیش وەکو تەواوی جیهان لە کاریگەرییەکانی پەتای کۆرۆنا بەدەر نییە و بگرە کاریگەرییەکی زۆریشی هەیە. بەداخەوە کۆڤید-19 بووەتە هۆی خراپترکردنی ئاستەنگییە سیاسیی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و ئەمنییەکان کە پێشتریش لە دۆخێکی خراپدا بوون".

عێراق، بەهۆی کاریگەرییەکانی پەتای کۆرۆنا لەسەر نرخی نەوت، گیرۆدەی قەیرانی دارایی بووە، بەجۆرێک لە پرۆژەبودجەی ساڵی 2021 کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسەندکراوە و نێردراوەتە پەرلەمان، عێراق ناچاربوو چەندین رێکار بگرێتەبەر، لەوانە: کەمکردنەوەی دەرماڵەی بەشێکی مووچەخۆران و دابەزاندنی بەهای دینار، ئەمەش کاریگەریی زۆری لەسەر نرخی بازاڕ کردووە و زەرەرمەندی یەکەمیش هاووڵاتییانی عێراقین.

پلاسخارت جەخت دەکاتەوە لەوەی "ساڵی نوێ ئاسان نابێت، چونکە بەدڵنیاییەوە عێراق لە یەک کاتدا رووبەڕووی چەند گێژاوێک دەبێتەوە، هەر لە ئابووری و ئاسایشەوە بۆ ئەستەنگییەکانی بەردەم چاکسازییەکی خێرا".

عێراق یەکێکە لە ئەندامانی دامەزرێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان، کە لە مانگی ئۆکتۆبەری رابردوودا یادی 75 ساڵەی دامەزراندنی کردەوە. پلاسخارت دەڵێ "بەپەرۆشین بۆ بەردەوامیدان بە هاوبەشیمان (لەگەڵ عێراق)، لەکاتێکدا بەیەکەوە کاردەکەین لەپێناو کۆمەڵگەیەکی سەلامەت، خۆشگوزەران و دادپەروەرتر".

 

هـ.ر.