جێگری سەرۆکی ئەمریکا: رێککەوتن لەگەڵ ئێران لە بەرژەوەندی هەمووان دەبێت

جەی دی ڤانس
جەی دی ڤانس

جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند: دۆناڵد ترەمپ بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران زۆر رژدە و ئەم هەنگاوەش لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکدایە، هاوکات سەرۆککۆماری ئێرانیش ئەم قۆناغە بە دەرفەتێکی زێڕین بۆ کۆتاییهێنان بە سزاکان و چارەسەری هاوسەنگانەی دۆسیە ئەتۆمییەکە دەبینێت.
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری یەریڤان ئاماژەی بەوە کرد، دۆناڵد ترەمپ هەمیشە هەوڵی داوە بگاتە رێککەوتنێکی بونیاتنەر کە لە بەرژەوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا بێت.

 ڤانس ڕوونی کردەوە، ترەمپ هێڵە سوورەکانی دانووستان بە نهێنی دەهێڵێتەوە تاوەکو لە کاتی گفتوگۆکاندا دەست و باڵی نەبەسترێتەوە، بەڵام بڕیارە لە چەند هەفتەی داهاتوودا زنجیرەیەک گفتوگۆی گرنگ لەگەڵ تیمی تایبەتی خۆی و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەنجام بدات بۆ داڕشتنی نەخشەرێگەی نوێی مامەڵەکردن لەگەڵ تاران. جێگری سەرۆک جەختی کردەوە، هەر بڕیارێک لەمبارەیەوە بدرێت، دوای راوێژێکی ورد دەبێت و ئامانج لێی گەیشتنە بە رێککەوتنێکی بەسوود.

لە بەرانبەردا، مەسعود بزشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە میانی مەراسیمی رۆژی نیشتمانیی وڵاتەکەیدا دووپاتی کردەوە، خولی نوێی دانووستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمریکا دەرفەتێکی زۆر گونجاوە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دادپەروەرانە.

 بزشکیان ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە مافی ئێران لە پیتاندنی یۆرانیۆم بە فەرمی بناسرێت و سەرجەم ئەو سزایانەی کە بە ستەمکارانە وەسفی کردن هەڵبگیرێن.

 ناوبراو هیوای خواست، لایەنی ئەمریکی پابەندی بەڵێنەکانی بێت و لە داواکاریی زیادە دوور بکەوێتەوە.

هاوکات عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی رەفتارەکانی چەند ساڵی رابردووی واشنتۆنەوە، بێمتمانەییەکی قووڵ لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەیە. 

عراقچی وێڕای ئاماژەدان بە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لە عومان، داوای لە لایەنی ئەمریکی کرد کە بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی بونیاتنەر، ڕژدیی خۆیان نیشان بدەن.
ئەم پەرەسەندنە دیپلۆماسییانە دوای ئەوە دێن کە رۆژی هەینی رابردوو، بۆ یەکەمجار لە دوای شەڕی مانگی حوزەیرانی رابردووی نێوان ئیسرائیل و ئێران کە هێزەکانی ئەمریکاش تێیدا بەشدار بوون، دانووستانەکان لە سوڵتانییەتی عومان دەستیان پێکردەوە.

 بڕیارە سبەی سێشەممە، عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران سەردانی عومان بکات بۆ درێژەدان بەو گفتوگۆیانەی کە هەردوولا لە خولی یەکەمدا بە ئەرێنی وەسفیان کردووە و بڕیاریشە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کۆبوونەوەی دووەم ئەنجام بدرێت.