زیقار؛ قەیرانی بەنزین ژیانی هاووڵاتییانی پەکخستووە

ئەحمەد سەلیم، گوتەبێژی ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار
ئەحمەد سەلیم، گوتەبێژی ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار

کەمبوونەوەی سووتەمەنی و بەتایبەتی بەنزین لە پارێزگای زیقار، کاریگەرییەکی زۆریی نەرێنی لە ژیانی هاووڵاتییان و کەرتی گواستنەوە دروستکردووە، بەهۆیەوە قەرەباڵغییەکی بێشومار لەبەردەم بەنزینخانەکان دروستبووە.

قەیرانی سووتەمەنی باری سەرشانی خەڵکی زیاتر قورس کردووە و کاریگەرییەکی خراپی کردووەتە سەر ژیانیان، بەوپێیەی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان پشت بە تەکسی و ئۆتۆمبێلەکانیان دەبەستن.

لە بەرانبەردا حکوومەتی خۆجێی زیقار ئاماژە بەوە دەکات؛ هۆکاری قەیرانی بەنزین بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پشکی پارێزگاکە بۆ نیوە و بگرە کەمتریش دابەزیوە، ئەوەش وایکردووە نەتوانن وەڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی خەڵک بن. جەختیش دەکەنەوە کە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.

ویسام عەلی، هاووڵاتییەکی پارێزگای زیقارە و بە کوردستان24ی گوت: "بەشە بەنزینی ناسرییە کەمە و خەڵک بەدەست کەمیی بەنزینەوە دەناڵێنن، من لە بەغداوە هاتووم، تەنانەت رێگە دەرەکییەکانیش قەرەباڵغی زۆریان لەسەرە و خەڵکێکی زۆر وەستاون."

هاووڵاتییەکی دیکەش باس لە دۆخی پارێزگاکە دەکات و دەڵێت: "تێناگەین بۆچی ئەو هەموو قەیرانە بەرۆکی پارێزگاکەمان بەرنادات؟ ئایا ئەم قەیرانانە دەستکردن یان چی؟ دۆخەکە بەرەو خراپی دەچێت و خەڵکەکە زۆر هیلاک بوون."

لەلایەن خۆیەوە ئەحمەد سەلیم، گوتەبێژی ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار و ئەندامی لیژنەی وزە بە کوردستان24ی راگەیاند: "دوای قەدەغەکردنی هاوردەکردنی بەنزین، پارێزگای زیقار بەتەواوەتی پشتی بە بەنزینی بەسرە بەستووە، بەڵام بڕی 300 بۆ 400 هەزار لیتر لە پشکی رۆژانە کەمبووەتەوە، ئەوەش بووەتە هۆی دروستبوونی ئەم کێشەیە، بەڵام بە زووترین کات چارەسەری دەکەین و لیژنەیەکی بەرپرسیار بۆ ئەو مەبەستە پێکهێنراوە."

لەنێوان دۆخی قورسی ژیانی خەڵک و لێدوانە فەرمییەکاندا، قەیرانی بەنزین لە زیقار تاقیکردنەوەیەکی سەختە لەبەردەم لایەنە پەیوەندیدارەکان، تا بزانرێت چەندە دەتوانن باری سەرشانی هاووڵاتییان سووک بکەن و سەقامگیری بۆ بازاڕ بگێڕنەوە، لەو دۆخە ئابوورییە سەختەی ئێستا عێراقی تێکەوتووە.