نرخی بەرمیلێک نەوت لە 70 دۆلار نزیک دەبێتەوە
ئەمڕۆ دوای دابەزینی نرخی نەوت لەکاتی کرانەوەی بازاڕەکانی ئاسیا ، جارێکی دیکە رووی لە بەرزبوونەوە کردەوە، بەرمیلێک لە نەوتی خاوی برێنت بۆ زیاتر لە 69 دۆلار بەرزبووەوە. هۆشداری وەزارەتی گواستنەوەی ئەمریکا، بۆ کەشتییە نەوتییەکان لە گەرووی هورمز بە هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دادەنرێت.
سێشەممە 10ـی شووباتی 2026، نرخی بەرمیلێک لە نەوتی خاوی برێنت بە 69 دۆلار و 19 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، دوای ئەوەی لە سەرەتای مامەڵەکانی ئەمڕۆ بۆ ئاستەکانی 68 دۆلار و 61 سەنت دابەزینی بەخۆیەوە بینی.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ زیادبوونی مەترسییەکان لە گەرووی هورمز دەگەڕێتەوە، وەزارەتی گواستنەوەی ئەمریکا، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە؛ ئەو کەشتیانەی بە گەرووی هورمز و کەنداوی عوماندا تێپەڕ دەبن، پێشتر رووبەڕووی مەترسیی دەستبەسەرداگرتن لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە بوونەتەوە.
وەزارەتی گواستنەوەی ئەمریکا، ئامۆژگاری ئەو کەشتیانەی کردووە کە ئاڵای ئەمریکایان هەڵگرتووە، لە کاتی تێپەڕبوونیان بە گەرووی هورمز خۆیان لە ئاوەکانی ئێران نزیک نەکەنەوە و لە کەناراوەکانی عومانەوە نزیک بن.
هۆشدارییەکەی وەزارەتی گواستنەوەی ئەمریکا، نیگەرانییەکانی لەبارەی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران زیاد کردووەتەوە، بازاڕەکان ترسیان هەیە پچڕانی هەناردەی نەوتی خاوی بۆ بازاڕەکانی جیهان لێبکەوێتەوە، بە تایبەت کە نزیکەی یەک لەسەر پێنجی ئەو نەوتی جیهان رۆژانە بەکاری دەبات، بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبێت.
لەبەرانبەردا، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، رۆژی شەممە رایگەیاند:" ئەگەر لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە هێرشمان بکرێتە سەر، ئێمە بنکەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەینە ئامانج کە لە ئێستادا ئامادەیی دەریایی خۆیان لە ناوچەکەدا زیاتر کردووە".
شرۆڤەکارانی نەوت لە دامەزراوەی دارایی و بانکی یوو بی ئێس رایدەگەیەنن: "زۆر قورسە بڕیار بدرێت بارودۆخەکە بە چ لایەکدا دەشکێتەوە، ئێمە رۆژانە چاودێری دۆخەکە دەکەین و ئێستا چاوەڕێی دیاریکردنی کاتێکین بۆ گەڕی دووەمی گفتوگۆکان".
لەلایەکی دیکەوە، وەبەرهێنەران چاودێری هەنگاوەکانی وڵاتانی رۆژئاوا دەکەن، بۆ سنووردارکردنی داهاتی رووسیا لە هەناردەکردنی نەوت. کۆمیسیۆنی ئەوروپا پێشنیاری قەدەغەکردنی گشتگیر بۆ هەر خزمەتگوزارییەک دەکات کە پشتیوانی هەناردەی نەوتی خاوی رووسیا لە رێگەی دەریاوە بکات، دەتوانێت ببێتە پشتگیرییەکی دیکە بۆ نرخەکانی نەوت.
پاڵاوگەکانی هیندستان کە سەردەمێک گەورەترین کڕیاری نەوتی رووسیا بوون، خۆیان لە کڕینی نەوت بۆ مانگی نیسان بەدوور دەگرن. شرۆڤەکارانی بازاڕی نەوت لە پێگەی سپارتا دەڵێن؛ ئەگەر هیندستان بەتەواوی کڕینی نەوتی رووسیا رابگرێت، ئەمە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت.
نرخی نەوت لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئاراستەی بەرزبوونەوەی گرتووەتەبەر، نرخی یەک بەرمیل لە نەوتی خاوی برێنت لە سەرەتای ئەمساڵەوە، نزیکەی 10 دۆلار بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.