کردارێکی سادەی بەیانیان؛ پەستانی خوێن رێکدەخات و دڵ دەپارێزێت

توێژینەوە پزیشکییە نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن، خواردنەوەی تێکەڵەی ئاو و لیمۆ بە رێکوپێکی، یارمەتیدەرێکی بەهێزە بۆ دابەزاندنی پەستانی خوێن و پاراستنی مرۆڤ لە جەڵتەی مێشک و نەخۆشییەکانی دڵ، کە بە بکوژێکی بێدەنگ دەناسرێن.

بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، یەکێکە لە حاڵەتە باوەکان کە مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ زیاد دەکات. شارەزایانی تەندروستی باس لەوە دەکەن، لیمۆ بەهۆی دەوڵەمەندیی بە ڤیتامین سی، ترشی سیتریک و پۆتاسیۆم، دەبێتە هۆی خاوبوونەوەی خوێنبەرەکان و کەمکردنەوەی فشار لەسەر دەمارەکان، هەروەها ئەم کاریگەریانەی دەبێت:

پاراستنی شێداریی جەستە
خواردنەوەی ئاوی لیمۆ لە رۆژدا، یارمەتی پاراستنی شێداریی جەستە دەدات، کە ئەمەش فاکتەرێکی سەرەکییە بۆ تەندروستیی دڵ و رێکخستنی پەستانی خوێن. توێژینەوەکان دەریانخستووە کە وشکبوونەوەی درێژخایەنی جەستە پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنەوە هەیە.

پاراستنی کێشی لەش
خواردنەوەی ئاو پێش ژەمەکان ئارەزووی خواردن کەم دەکاتەوە و بڕی کالۆری کەمتر بۆ جەستە دابین دەکات. بەوپێیەی قەڵەوی فاکتەرێکی مەترسیدارە بۆ بەرزبوونەوەی پەستان، پاراستنی کێشی تەندروست لە رێگەی ئاوی لیمۆوە ئەو مەترسییە دوور دەخاتەوە.

کەمکردنەوەی کافاین
ئاوی لیمۆ بە زیادکردنی شێداریی جەستە، ئاستی وزە و هەستی مرۆڤ باشتر دەکات. گۆڕینی قاوەی بەیانیان بە ئاوی لیمۆی گەرم، بژاردەیەکی گونجاوە بۆ ئەو کەسانەی کێشەی پەستانی خوێنیان هەیە و دەیانەوێت بڕی کافاین کەم بکەنەوە.

خۆراکەکانی دیکە کە پەستانی خوێن دادەبەزێنن:

- تۆوی شیا: کەوچکێکی رۆژانە بەهۆی هەبوونی ڤیتامین و دژەئۆکسانەکان، پەستانی خوێن دادەبەزێنێت.
- چای سەوز: دەوڵەمەندە بە "کاتیشین" کە تەندروستیی خوێنبەرەکان باشتر دەکات.
- ئاوی چەوەندەر: نیتراتی تێدایە کە خوێنبەرەکان فراوان دەکات و لێشاوی خوێن باشتر دەکات.
- زەردەچەوە: توێژینەوەیەک دەریخستووە کە خواردنی زەردەچەوە بۆ 12 هەفتە، دەبێتە هۆی دابەزینێکی کەمی پەستانی خوێن.