كريستيانۆ بە مەرجی گۆڕینی سەرۆكی نەسر گەڕاوەتەوە راهێنانەكان

كریستیانۆ داوای كردووە دەسەڵاتی زیاتر بدرێتە 3 كەسی پۆرتوگالی یانەكە

خیسۆس راهێنەری پۆرتوگالی نەسر لەگەڵ كریستیانۆ رۆناڵدۆ
خیسۆس راهێنەری پۆرتوگالی نەسر لەگەڵ كریستیانۆ رۆناڵدۆ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ بە چەند مەرجێک بایکۆتەکەی شکاندووە و بڕیاریداوە کۆتایی بە مانگترنەکەی بهێنێت و بۆ یاریی داهاتووی نەسڕ بەرامبەر فەتح لە خولی رۆشنی سعوودی یاریی دەکات.
رۆژنامەی ریازیەی سعوودی لە ژمارەی ئەمڕۆ سێشەممەیدا لە رووپەری سەرەکی نووسیویەتی: رۆناڵدۆ دەگەڕێتەوە، دەسەڵاتەکانی پێدەدرێتەوە و سەرۆکی یانەکەش دەگۆڕدرێت.
كریستیانۆ بەم 3 مەرجە بایكۆتی شكاندووە و گەڕاوەتەوە یانەی نەسر.

یەکەم: گۆڕانکاریی ریشەیی و گەورە لەناو دەستەی کارگێڕی یانەی نەسڕی سعوودی دەكرێت، تەنانەت لە چەند رۆژی داهاتوو عەبدوڵڵا ماجد سەرۆکی دەستەی کارگێڕی یانەکەش دوور دەخرێتەوە و سەرۆکی یانەکە دەگۆڕدرێت، چونکە کریستیانۆ رۆناڵدۆ سەرۆکی یانەکە بە بەشێک لە کێشەکانی نەسڕ دەزانێت و خۆرخی خیسوس راهێنەری پۆرتوگاڵی لێی نیگەرانە و گلەیی و تێبینی زۆری لەسەر سەرۆکی یانەکە هەیە.

دووەم: دەسەڵاتی زیاتر بە پۆرتوگاڵییەکانی ناو یانەی نەسڕ دەدرێت، لەمەودوا یانەی نەسڕ زیاتر لە یانەیەکی پۆرتوگاڵی دەچێت نەوەک سعوودی، خۆرخێ خیسوس راهێنەری پۆرتوگاڵی یانەکە هەر خۆی دەبێتە هەموو شت، دەسەڵاتی زیاتریش بەو دوو هاوڕێیەی رۆناڵدۆ دەدرێن کە لەناو دەستەی کارگێڕی یانەکە کاردەکەن، خۆسیێ سێمیدو بەڕێوەبەری جێبەجێکار و سیماو کۆتینیۆ بەڕێوەبەری وەرزشی یانەی نەسڕ کە هەردووکیان پۆرتوگاڵین، بە پشتیوانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بڕیاربەدەستی یەکەم و ئاخیری ناو یانەی نەسڕ دەبن.

سێیەم: لەمەودوا نابێت مووچەی فەرمانبەرەكانی یانەی نەسر دوابكەوێت و لەسەر داوای كریستیانۆ رۆناڵدۆ دەبێت كێشەی مووچەی سەرجەم فەرمانبەرەكان چاك بكرێت.

كریستیانۆ رۆناڵدۆی 41 ساڵان، لە زستانی 2023 لە یانەی مانچێستەر یونایتدەوە بۆ یانەی نەسر گواسترایەوە، ئەستێرە پۆرتوگالییەكە لەگەڵ نەسر لە كۆی 127 یاری، 111 گۆڵ و 22 ئەسیستی كردووە، بەڵام هیچ نازناوێكی فەرمی بەدەستنەهێناوە.