رەوتی حیکمە: مالیکی بە کشانەوە رازی بووە

بەرپرسێکی باڵای رەوتی حیکمە سیناریۆی کشانەوەی نووری مالیکی لە کاندیدی سەرۆکوەزیران ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت مالیکی بەکشانەوە رازی بووە، هاوکات هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەر کورد لەسەر پرسی سەرۆککۆمار رێکنەکەون، چوارچێوەی هەماهەنگی بە دابەشبوونی دەنگەکانییەوە دەچێتە پەرلەمان.

سێشەممە، 10ـی شوباتی 2026، سەباح ساڵحی، ئەندامی مەکتەبی جێبەجێکردنی رەوتی حیکمە بە کوردستان24ی راگەیاند، لە دواین کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگیدا پێشنیازی کشاندنەوەی نووری مالیکی کراوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، سیناریۆکە بەو شێوەیەیە نووری مالیکی بەفەرمی پۆستی سەرۆکوەزیران وەربگرێت و دواتر لەسەر ویستی خۆی بکشێتەوە، نەک بەهۆی ناڕەزایەتی و لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە، بەگوێرەی زانیارییەکانیش نووری مالیکی بەم پێشنیازە و کشانەوەکە رازی بووە.

ئەو بەرپرسەی رەوتی حیکمە روونیکردەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی ئێستا چاوەڕوانی هێوربوونەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکایە و نایەوێت هەنگاوێک بنێت کە ئاڵۆزی زیاتری بەدوادا بێت.

سەبارەت بە پۆستی سەرۆککۆمار، ساڵحی جەختی کردەوە، دواکەوتنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار تەنیا پەیوەست نییە بە کوردەوە، بەڵکوو پەیوەندی بە لایەنە شیعەکانیشەوە هەیە کە دەخوازن کاتی زیاتریان لەبەردەستدا بێت بۆ بڕیاردان. راشیگەیاند بە لایەنە کوردستانییەکانیان گوتووە دەبێت رێکبکەون، ئەگەرنا چوارچێوەی هەماهەنگی لە کاتی دەنگدان بۆ کاندیدی سەرۆککۆمار دابەشی دوو بەرە دەبن.