تیمێکی پزیشکی ئیتاڵیا لە دهۆک ژمارەیەک نەشتەرگەری بۆ منداڵان دەکەن
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی دهۆک ئاماژە بەوە دەکات، ماوەی دوو رۆژە تیمێکی پزیشکی ئیتاڵی بە مەبەستی ئەنجامدانی ژمارەیەک نەشتەرگەری بۆ منداڵان لە دهۆکن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی شوباتی 2026، مەتین جەمیل، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی دهۆک، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: تیمێکی پزیشکی لە وڵاتی ئیتاڵیا هاتوونەتە دهۆک، تیمەکە لە ژمارەیەک پزیشکی پسپۆڕی تایبەت بە منداڵان لە نەخۆشیەکانی دڵ و چاودێری چڕ پێکهاتوون، کە خاوەن ئەزموونێکی زۆرن.
مەتین جەمیل گوتی: ئەو تیمە بەبێ بەرانبەر نەشتەرگەری بۆ ژمارەیەک منداڵ دەکەن، هەروەها ژمارەیەکی زۆری منداڵیش دەبینن وراوێژی پزیشکیان پێ دەدەن.
ئاماژەی بەوەشدا، تیمەکە ماوەی دوو رۆژە هاتوون و تاوەکوو هەفتەیەک دەمێننەوە، جاری یەکەم نییە ئەو تیمە سەردانی دهۆک دەکات، بەڵکوو لە ساڵانی پێشتریش چەند جارێک هاتوونەتە دهۆک.
لە ساڵی 2005ـەوە ئەو تیمە پزیشکییە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن.