پەیامنێری کوردستان24: هەسەدە هێزەکانی لە رۆژئاوای حەسەکە دەکشێنێتەوە

پەیامنێری کوردستان24 لە رۆژئاوای کوردستان، زانیاریی نوێ لە بارەی جووڵە سەربازییەکان ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت، لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنێک لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق، بڕیارە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە رۆژئاوای حەسەکە بکشێنەوە و هێزەکانی ئاسایش شوێنیان بگرنەوە.

سێشەممە، 10ـی شوباتی 2026، ئەکرەم ساڵح، پەیامنێری کوردستان24، زانیاریی وردی لە بارەی دوایین پێشهاتە ئەمنییەکان و رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی سووریا ئاشکرا کرد.

پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ناوچەکانی رۆژئاوای شاری حەسەکە بکشێنەوە.

ئاماژەی بەوەش دا، ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە دێت کە لە نێوان فەرماندەیی هەسەدە و حکوومەتی دیمەشق ئەنجام دراوە.

سەبارەت بە پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان، ئەکرەم ساڵح روونیکردەوە: "لە شوێنی هێزەکانی هەسەدە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ جێگیر دەبن."

جەختیشی کردەوە کە بەپێی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە، ئاسایشی ناوخۆ لەناو شاری حەسەکەدا دەمێنێتەوە و ئەرکی پاراستنی شارەکە لە ئەستۆ دەگرێت، بەبێ ئەوەی هێزەکانی سوپای سووریا بچنە نێو شارەکەوە.

پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوە دا، کە پرۆسەکە هێشتا لە قۆناغی دانوستاندایە و رێککەوتنەکە بە ڕێژەی 100% نەچووەتە واری جێبەجێکردنەوە.

گوتیشی: "ئەگەر لێکتێگەیشتنەکان وەک خۆیان و بە تەواوی جێبەجێ بکرێن، ئەوا تاوەکوو 15ی ئەم مانگە، سەرجەم رێگا داخراوەکان دەکرێنەوە، بە تایبەتی کردنەوەی رێگای شاری کۆبانێ کە هەنگاوێکی گرنگ دەبێت بۆ هاووڵاتییان."

لە بەشێکی دیکەی زانیارییەکاندا، ئەکرەم ساڵح باسی لە کاریگەریی ئەم رێککەوتنە لەسەر شاری کۆبانێ کرد و رایگەیاند: "لە ئەگەری جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بە تەواوی، هێزەکانی حکوومەتی سووریا لە دەوروبەری کۆبانێ دەکشێنەوە و ئیدارەدان و پاراستنی شارەکان بە دەست هێزەکانی ئاسایشەوە دەبێت."