دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە مۆڵەتی فەرمی سێ نووسینگەی لە رۆژئاوای کوردستان کردەوە

دەزگای خێرخوازیی بارزانی (BCF) قۆناغێکی نوێی لە کارە مرۆییەکانی لە رۆژئاوای کوردستان دەستپێکرد و دوای وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمی و تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان، نووسینگەکانی خۆی لە شارەکانی قامشلۆ، عامودا و دێرک کردەوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی دامەزراوەیی و رێکخراو هاوکارییەکان بگەیەنێت.

سێشەممە 10ـی شوباتی 2026، رەواج حاجی، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە کوردستان24ی راگەیاند، نووسینگە نوێیەکان بە تەواوی ئامادەن و بە شێوەیەکی یاسایی تۆمار کراون و کارەکانیان دەستپێکردووە. روونیشی کردەوە، ئەوان داوای مۆڵەتی کارکردنیان بۆ دۆخی لەناکاو نەکردووە، بەڵکوو مۆڵەتی فەرمییان لە حکومەتی سووریا و وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە هەیە کە سەرجەم ناوچەکانی سووریا دەگرێتەوە، ئەمەش بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی رێکخراوەکان لە قامشلۆ و ئیدارەی ناوچەکە ئەنجام دەدرێت بۆ ئەوەی کارەکانیان تەواو فەرمی بێت.

بەپێی زانیارییەکانی بەرپرسەکەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئێستا دەزگاکە تۆڕێکی فراوانی هەیە و لە شارەکانی دیمەشق، حەلەب، عەفرین، حەسەکە، قامشلۆ، دێرک و عامودا خاوەنی نووسینگەی فەرمین بۆ راییکردنی کارە مرۆییەکانیان.

سەبارەت بە قەبارەی هاوکارییەکانیش، ئامارەکانی دەزگاکە ئەوە دەخەنەڕوو کە لە سەرەتای دەستبەکاربوونیانەوە لە رۆژئاوای کوردستان تاوەکوو 8ـی شوبات، 367 کاروانی هاوکارییان گەیاندووەتە ناوچەکە. لەو چوارچێوەیەدا نزیکەی 90 هەزار ژەمە خواردنی گەرم و هاوکاریی خۆراک و پێداویستی زستانە و پاکوخاوێنییان بەسەر زیاتر لە 15 هەزار خێزاندا دابەش کردووە، هاوکات زیاتر لە 332 هەزار لیتر سووتەمەنییان بۆ 9 هەزار و 64 خێزان دابینکردووە بۆ مەبەستی خۆگەرمکردنەوە و لێنانی خواردن.

لە لایەکی دیکەوە تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی خزمەتگوزاری تەندروستییان پێشکەش بە نزیکەی هەشت هەزار کەس کردووە کە پشکنین و چارەسەری سەرەتایی لەخۆگرتووە، هەروەها لە رێگەی پرۆژەکانیشەوە 906 هەلی کاری کاتییان بۆ دانیشتووانی ناوچەکە رەخساندووە، ئەم هەنگاوانەش لە کاتێکدایە کە دۆخی ئابووری و مرۆیی ناوچەکە بەهۆی ململانێکان و شەڕی ناوخۆوە پێویستییەکی زۆری بەم جۆرە هاوکارییە بەردەوامانە هەیە.