پێرفۆرمانسی ڤیدیۆیی ژیان لەو دیو سنوورەکانەوە

دوا پڕۆژەی لابۆری شانۆی لالشە له ساڵى 2020
دیمه‌نێك له‌ به‌رهه‌مه‌كه‌
دیمه‌نێك له‌ به‌رهه‌مه‌كه‌

K24 – هه‌ولێر:

وەکو ماڵئاواییەک لە ساڵی 2020 کە پڕ بوو لە رووداو و قەیران و دەستەوه‌سانی مرۆڤایەتی لە هەموو جیهاندا.

نیگار حەسیب قەرەداخی، له‌و به‌رهه‌مه‌یدا بەسەر وێنەی پێرفۆرمانسەکانی ساڵانی پێشووی خۆیدا چووەتەوە، لەگەڵ ئەو پڕۆژە سنووردارانەی کە لە سەردەمی کۆرۆنادا بەئەنجامی گەیاندوون، یەکیخستوونەتەوە و  جەخت لەوە دەکاتەوە، کە لەو دیو هەموو سنوورەکانەوە ژیان هەیە و بەردەوامە. جا ئەو سنوورانە  دەمامک بن، یاخود هەر شتێکی تری نادیار، کە ژیانی مرۆڤ قورس دەکەن.

هەموو ئەو رووخسارانەش لە بەردەم شووشەیەکی باراناوی دا خۆیان دەخەنەڕوو. باران بۆ شۆردنەوەی ناخۆشی و زەحمەتییەکان، وەک ئەو هەموو فرمێسکەی لەم ساڵدا رژان بۆ  لەدەستدانی گشت ئەو ئازیزانەی بەهۆی کۆرۆنا، یاخود جەنگەوە لەهەر شوێنێکی ئەم سەر زەمینە ماڵئاواییان لێکردین!

لە کۆتاییشدا، داگیرساندنی مۆمێک بۆ رووحی ئەو مرۆڤانە و بەخشینی رووناکی و هیوایەکی نوێی بەردەوامی بۆ مرۆڤایەتی !

گۆرانیەکە لە ئاواز و چڕینی نیگار خۆیەتی و زمانێکی هونەریە، کە سنووری تێگەیشتنی زمانەوانی تێدەپەڕێنێت و  هەموو مرۆڤێک دەتوانێت خۆی مانایەکی پێببەخشێت و راڤەی بکات.