ئەمریکا سزای نوێی بەسەر حزبوڵڵادا سەپاند
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای نوێی بەسەر کۆمەڵێک کۆمپانیا و لایەنی پەیوەندیدار بە حزبوڵڵای لوبنان سەپاند.
تۆمی پیگۆت، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لەبارەی ئەم سزایانە رایگەیاند: "واشنتن سزای بەسەر ئەو لایەنانەدا سەپاندووە کە بەردەوامن لە ئیستغلالکردنی کەرتی دارایی نافەرمیی لوبنان بۆ دروستکردنی داهات بۆ حزبوڵڵا."
پیگۆت ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو لایەنانە هاوکاریی پلانی حزبوڵڵایان کردووە بۆ خۆدزینەوە لە سزاکان، لەنێویاندا "دامەزراوەی دارایی قەرد حەسەن" لە ژێر کۆنترۆڵی حزبوڵڵادایە، لەگەڵ تیمی دارایی حزبوڵڵا کە بنکەکەی لە ئێرانە. جەختیشی کردەوە: "حزبوڵڵا دامەزراوەی قەرد حەسەن وەک ئامرازێک بۆ تێکدانی دەوڵەتی لوبنان و دابینکردنی بودجەی چالاکییە تیرۆریستییەکانی بەکاردەهێنێت."
سزاکان کۆمپانیایەکی بازرگانیی زێڕ و دامەزراوەی جوودی دەگرێتەوە. بەگوێرەی راپۆرتی وەزارەتی گەنجینە، دامەزراوەی جوودی لەژێر پەردەی رێکخراوێکی ناحکوومیدا کاردەکات، بەڵام لە راستیدا بۆ گواستنەوەی پارە لە ئێرانەوە بۆ حزبوڵڵا بەکاردەهێنرێت. هەروەها چەند کەسایەتییەک، لەنێویاندا هاووڵاتییەکی رووسی، بەهۆی تێوەگلانیان لەم تۆڕە داراییەدا خراونەتە لیستی رەشەوە.
سکۆت بیسنێت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند: "حزبوڵڵا مەترسییەکی بەردەوامە بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە." ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە بڕینی سەرچاوە داراییە جیهانییەکانی ئەم گرووپە، تاوەکو لوبنان بتوانێت لە ئاشتی و سەقامگیریدای بژی.
پێشتر ئیسرائیل لە ساڵی 2024دا، گورزێکی کوشندەی لە حزبوڵڵا وەشاند و چەندین لقی دامەزراوەی قەرد حەسەنی بۆردومان کرد.
لەلایەکی دیکەوە، سوپای لوبنان رایگەیاندووە؛ قۆناخی یەکەمی پلانی چەکداماڵینی حزبوڵڵا لە باشووری رووباری لیتانی کۆتایی هاتووە، بەڵام ئیسرائیل هێشتا گومانی لەو هەنگاوە هەیە و بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر باکووری ئەو رووبارە بە مەبەستی لاوازکردنی زیاتری تواناکانی حزبوڵڵا.