مەسعود پزیشکیان: ئەمریکا و ئەوروپا هەوڵیاندا شۆڕشی ئێمە شکست پێبهێنن
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە گوتارێکدا بەبۆنەی 47ەمین ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران رایگەیاند، راپەڕینی گەل بۆ ئەوە بوو دادپەروەری زاڵ بێت، جەختیکردەوە کە رۆژئاوا و ئەمریکا شکستیان هێنا لە تێکشکاندنی ئیرادەی گەلی ئێران.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە گوتارێکدا بەبۆنەی ساڵیادی 47ی سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران، ئاماژەی بە ئامانجەکانی ئەو شۆڕشە کرد و رایگەیاند: "راپەڕین بۆ ئەوە بوو دادپەروەری زاڵ بێت."
پزیشکیان گوتی: "ئەمساڵ ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕشەکەمانە، بۆ ئەوەی بڵێین ئێرانییەکان و موسوڵمانەکان دەتوانن خۆیان بە توانا و ئیرادەی خۆیان وڵاتی خۆیان بەڕێوە ببەن."
سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بە هەوڵەکانی وڵاتانی رۆژئاوا کرد و گوتی: "ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا ویستیان شۆڕشەکەمان شکست پێبهێنن، بەڵام نەیانتوانی."
لە درێژەی گوتارەکەیدا، پزیشکیان باسی جەنگی عێراق و ئێرانی کرد و گوتی: "رۆژئاوا جەنگی عێراقیان بە گژداکردین و پاڵپشتییان لە سەددام کرد، بەڵام هەر نەیانتوانی ئێران لەتوپەت و دابەش بکەن."
سەبارەت بە پیلانەکانی سەرەتای شۆڕش، پزیشکیان روونیکردەوە: "لە سەرەتاوە باسی گەلەکان و عەشیرەتەکان و کودەتا کراوە بۆ ئەوەی بەڵایەک بەسەر ئێران بهێنن و نەهێڵن ئەو شۆڕشەی تازە پێی گرتبوو سەرکەوتوو بێت."
سەرۆککۆماری ئێران ستایشی رۆڵی گەنجانی کرد و گوتی: "رێگەیان لە هەموو ئەو هەوڵانە دا و بە خوێنی خۆیان بەرگرییان لە خاک و یەکگرتوویی ئێران کرد."
مەسعود پزیشکیان لە بەشێکی قسەکانیدا داوای لێبووردنی لە خەڵکی ئێران کرد بۆ ئەو کەموکوڕیی و گلەییانەی کە هەیانە و جەختیشی کردەوە لەنێو حکوومەتدا هەوڵ دەدەین بەهێزەوە بتوانین کێشەکان چارەسەر بکەین.
مەسعود پزیشکیان لەبارەی خۆپیشاندانەکانی مانگی رابردووی ئێران گوتی: ئەو رووداوانەی لە مانگی رابردوودا روویاندا کێشەی گەورەیان دروست کرد و خەڵکی ئێمەی بەرەو مردن و شەهیدبوون برد و هەموو دنیا دەنگۆیان لەسەرمان بڵاو دەکردەوە و شتی بێهوودایان دەگوت و ئێمە ئامادەین بە هەموو جۆرێک گوێ لەو گەنجانە بگرین کە فریویان خواردبوو و ئەوان رۆڵەی ئەو وڵاتەن و ئێمە نۆکەری خەڵکین.
لەبارەی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە مەسعود پزیشکیان گوتی: لەسەر فرمانی رێبەرمان بەردەوامین لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێمان.
هەروەها جەختیشی کردەوە کە ئێران بە هیچ شێوەیەک بەدوای چەکی ئەتۆمی نییە و چەندین جار ئەوەمان گووتووە و بە هەموو شێوەیەک ئامادەن بۆ تاقیکردنەوەی راستییەکان بەڵام بێمتمانەیی ئەمریکا و ئەوروپا رێگە نادات دانووستانەکان بە ئەنجام بگەن.
مەسعود پزیشکیان رونیشی کردەوە کە کێشەکانی ناوچەکە ئەو کەسانەی لە ناوچەکەدا دەژین خۆیان دەتوانن چارەسەری بکەن نەک کەسانێک کە لەدەرەوەوە بێن، گوتیشی: لەنێوان خۆماندا لەگەڵ وڵاتە موسوڵمانانی ناوچەکە بەیەکەوە کێشەکانمان چارەسەر دەکەین.
لە کۆتایی قسەکانی دا سەرۆککۆماری ئێران جەختی کردەوە کە پێشینەی ئامانجەکانی حکوومەتی ئێران باشترکردنی بژێوی خەڵکی ئێرانە و لەناوبردنی ریشەی گەندەڵییە.
رۆژی 11ی شوباتی 1979 شۆڕشی خەڵکی ئێران دژی حکوومەتی پاشایەتی سەر کەوت و کۆماری ئیسلامی بە رێبەرایەتیی روحوڵا خومەینی دامەزرا.
دوای کودەتای 13ی ئابی 1953 دژی حکوومەتی دکتۆر موسەدیق کە بە پشتیوانیی بریتانیا و ئەمریکا کرا، محەمەد رەزا پەهلەوی وەکوو شای ئێران دەسەڵاتی رەهای ئەو وڵاتەی بەدەستەوە گرت.
ناڕەزایەتیی خەڵکی ئێران دژی حکوومەتی پاشایەتی چەندین ساڵ بەردەوام بوو، تاکوو لە 11ی شوباتی 1979 رژێمی پاشایەتی رووخا، خومەینی حکوومەتی نوێی راگەیاند و لە رۆژی 1ی نیسانی 1979 ریفراندۆمێکی بەڕێوە برد، کە لە بەشی زۆری ناوچەکانی ئێران خەڵک بە ''بەڵێ'' دەنگیان بە سیستەمی کۆماری ئیسلامی دا و سیستەمی سیاسیی ئێران لە پاشایەتییەوە گۆڕا بۆ کۆماری ئیسلامی.
ساڵانە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی رۆژی 11ی شوبات دەکاتە جەژنی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی و لایەنگرانی ئەو سیستەمە لەسەر شەقامی شارەکان رێپێوان دەکەن و بەرپرسانیش بە گوتار و بەشداری لە رێپێوانەکاندا یادی ئەو رۆژە دەکەنەوە.