جۆنی ئۆلسزیوسكی بۆ کوردستان24: چاوپۆشی لە دۆخی سووریا ناکەین و چاودێری وردی حکوومەت دەکەین

کۆنگرێسمانێکی ئه‌مریكا رایگەیاند، ئەنجوومەنەکەیان بە وردی و بە بەردەوامی چاودێری پەرەسەندنەکانی سووریا دەکات و بە هیچ شێوەیەک چاوپۆشی لە دۆخەکە ناکەن، ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا لەسەر هێڵن بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی حکوومەتی کاتیی سووریا بە شێوازێکی دروست وڵات بەڕێوە دەبات.

جۆنی ئۆلسزیوسكی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 گوتی: "ئێمە وەک ئەنجوومەنی نوێنەران هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ پشتیوانیکردنی ئەو گۆڕانکارییانەی کە واشنتن مێژوویەکی درێژە داوایان دەکات، ئامانجی دانیشتنەکانی ئێمە چاودێریکردنی ئاستی پێشوەچوونەکانە لە سووریا."

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران نیگەرانی خۆی لە پشتگوێخستنی هەندێک پرسی گرنگ دەربڕی و گوتی: "من تیشکم خستووەتە سەر ئەو بابەتانەی لە بەرنامەکاندا فەرامۆش کراون، بەتایبەتی ماف و پێگەی ئافرەتان، هێشتا هیوامان بە ئەنجامدانی چاکسازی و پاراستنی خەڵکی سووریا هەیە، بەڵام نیگەرانیی جددیشمان هەیە."

هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان فشارەکانیان بەردەوام دەبێت بۆ هاتنەدی ئەو گۆڕانکارییانەی ئێستا بە پێویست دەزانرێن، دەشڵێت، "من و هاوکارانم لە لیژنەی کاروباری دەرەوە بەردەوام لەگەڵ کەسانی پەیوەندیدار لە گفتوگۆداین و چاومان لە ئاست نیگەرانییەکانی نێو سووریا دانەخستووە."

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ئۆلسزیوسكی ئاماژەی بەوە دا، حکوومەتی ئەمریکا دەبێت بایەخی تەواو بە کێشەکانی سووریا بدات و جەختی کردەوە، "دەمانەوێت ئەو رژێمە تازەیەی لە سووریا دروست بووە، بە شێوەیەک حکومداری بکات کە لای ئێمە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پەسند بێت."