عێراق گەورەترین کڕیاری بەرهەمە کشتوکاڵی و خۆراکییەکانی ئێرانە

ناوەندی نیشتمانی بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکانی کشتوکاڵ و ئاو لە ژووری بازرگانی ئێران، نوێترین ئاماری هەناردەی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە و تێیدا عێراق وەک هاوبەشی سەرەکی و یەکەمی بازرگانی ئێران لە کەرتی کشتوکاڵ و خۆراکدا دەستنیشان کراوە.

بەپێی راپۆرتەکە، لە ماوەی 9 مانگی یەکەمی ئەمساڵ بە ساڵی ئێرانی کە ئاداری 2026 کۆتایی دێت، عێراق توانیویەتی نیوەی هەناردەی پیشەسازییە خۆراکییەکانی ئێران کە دەکاتە 50% بۆ خۆی ببات، هەروەها لە کەرتی بەرهەمە کشتوکاڵییە گشتییەکاندا، عێراق بە رێژەی 39% لە پلەی یەکەمی ئەو وڵاتانەدا دێت کە کاڵای ئێرانییان هاوردە کردووە.

 هەر لە راپۆرتە ئابوورییەکە ئاماژەی بەوەکراوە، دوای عێراق، وڵاتی ئیمارات بە رێژەی 21% لە پلەی دووەمدا دێت. ریزبەندی وڵاتانی دیکەش بەم شێوەیەیە:

-رووسیا  10%

-پاکستان  5%

-ئەفغانستان  4%

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە، وڵاتانی وەک عوممان، تورکمانستان، هیندستان، تورکیا و قەتەر، بە ڕێژەی جیاواز کە لە نێوان 2 بۆ 3% دایە، بەشێکی تری هەناردەی کشتوکاڵی ئێرانییان پێکهێناوە.

ئەم ئامارانە دەریدەخەن کە بازاڕی عێراق بۆ ئێران بایەخێکی ستراتیژی گەورەی هەیە، بەتایبەت لە دابینکردنی پێداویستییە خۆراکییەکاندا، کە عێراق بە جیاوازییەکی زۆر لە پێش وڵاتانی تری ناوچەکەوەیە.