بلوومبێرگ: دابەزاندنی بەهای دینار سەرەتایەکی سەختە بۆ عێراق

"چەندین قۆناغی ئازاربەخش و ساڵێکی سەخت لەبەردەم عێراقییەکانە"
عێراق و تەنگژەی ئابووری
عێراق و تەنگژەی ئابووری

K24 – ھەولێر:

ئاژانسی بلوومبێرگی ئەمه‌ریکی، راپۆرتێکی لەبارەی ئابووری عێراق بڵاوکردووەتەوە، تێیدا پشتی بە چەندین سەرچاوە و بۆچوونی ئابووریناسان بەستووە. لە راپۆرتەکەدا هاتووە دابەزاندنی بەهای دینار سەرەتایەکی سەختە بۆ عێراق و ئەگەری هەیە حکومەت و بانکی ناوەندی ناچار بن بەهای دینار بەرامبەر دۆلار زیاتر دابەزێنن. هەروەها ئاماژە بەوە داوە، لە پڕۆژە یاسای بودجە پێویستە خەرجییەکان زیاتر کەمبکرێنەوە.

ئاژانسی بلوومبێرگ راپۆرتێکی لەبارەی دۆخی عێراق بڵاوکردووتەوە و تێیدا روونیکردووەتەوە، كه‌ پێشبینی لەو قەیرانەی عێراق تێیکەوتووە، داکەوتنی بەهای دینار چارەسەری دۆخی ئابووریی ئەو وڵاتە نه‌کات ئەگەر رێوشوێنی گەورەتر نەگرێتە بەر و خەرجییەکانی حکومەت کەم نەكرێتەوە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە: ئەگەر حکومەتی عێراق خەرجییەکانی کەم نەکاتەوە، ئەوە لێکەوتەی ئابووری سەخت بە دوای خۆیدا دەهێنێت، لە کاتێکدا عێراقییەکان بەدەست چەندین قەیرانی دیکەوە دەناڵێنن.

لە دوای خۆپیشاندانەکانی تشرینی یەکەمی 2019ـەوە، یەکەمجارە پەنا بۆ دابەزاندنی بەهای دینار دەبرێت، بەڵام شارەزایانی ئابووری پێیان وایە، ئەوە سەرەتای چەندین كاره‌سانی دیکەی ئازاربەخشە.

شارەزایەکی ئابووری عێراقی بە ئاژانسی بلوومبێرگ گوتووە: دابەزاندنی بەهای دینار سەختە بۆ کەسانی ئاسایی، بەڵام پێشبینی ناکەن بە یەک هەنگاو ئەو هەوڵە کۆتایی پێ بێت، بەڵکو پێشبینی دەکەن، بەهۆی کەمبوونەوەی یەدەگی دراوی بیانی لە پڕۆژە بودجەی ساڵانی داهاتوو بەهای دینار زیاتر دابەزێنرێت. ئەوەش لە رێگەی بانکی ناوەندی بە فەرمی بێت یاخود لە بازاڕی رەش بە هۆی مامەڵەکانەوە بێت.

شەممەی رابردوو، حکومەتی عێراق بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی 2003ـەوە بەهای دیناری بە رێژەی 23% دابەزاند، هۆکارەکەشی بۆ کەمکردنەوەی فشارەکانی سەر بودجەی گشتی گەڕاندەوە، کە گوایه‌ له‌و لەرێگەیەوە چه‌ندین ملیار دۆلار دەگەڕێتەوە.

بلوومبێرگ هه‌ر له‌ راپۆرته‌كه‌یدا نووسیویه‌تی، به‌و رەشنووسه‌ یاسایه‌ی بودجەی 2021، کە رەوانەی پەرلەمان کراوە، پێشبینی ساڵێکی سەخت بۆ عێراقییەکان ده‌كات.

چەندین شارەزای دیکەی ئابووری دەڵێن: دابەزاندنی بەهای دینار پێویست بوو؛ بۆ ئەوەی عێراق بە قەرزدەرە نێودەوڵەتییەکان بڵێت، مکوڕە لە جێبەجێکردنی چاکسازییەکان، بەڵام لە هەمانکاتدا ئەو هەوڵە بەس نییە بۆ ئەوەی عێراق پێویستی بە هاوکاری دارایی نەبێت و پەنای بۆ نەبات."

لە لایەکی دیکەوە مارک بۆهۆڵد، گەورە راوێژکاری توێژینەوە لە پێگەی "رێد ئینتێلێجنس" ئاماژەی بەوەداوە، عێراق پێویستی بەوەیە بودجەکەی بە شێوەیەکی چڕ پوخت بكاته‌وه‌، بۆ ئەوەی کورتهێنانەکەی کەمبکاتەوە."

بەرپرسانی عێراق دەڵێن ئامانج لەو پڕۆژە بودجەیە، بەرگەگرتنە لەو قەیرانە داراییە پێشبینی نەکراوەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و داکەوتنی نرخی نەوت سەری هەڵداوه‌، چونکە فرۆشی نەوت 60%ی داهاتی بودجەی گشتی دەوڵەتی پێکهێناوە.

بەهۆی ئەو رێوشوێنانەوە پێشبینی دەکات، لە ساڵی داهاتوو، گەشەی کۆی بەرهەمی ناوخۆی عێراق 11% داکەوتن تۆماربکات و رێژەی هەژاری لە وڵاتەکە بۆ نزیکەی نیوەی دانیشتووان بەرزبێتەوە، کە ژمارەی دانیشتووانەکەی 40 ملیۆن کەسە.