وەزارەتی نەوتی عێراق: ساڵی داهاتوو هاوردەکردنی سووتەمەنی رادەگرین

پەتای کۆرۆنا کارکردنی کۆمپانیا بیانییەکانی لە پڕۆژەی پاڵاوگەکان پەکخست
وەزارەتی نەوتی عێراق
وەزارەتی نەوتی عێراق

K24 – ھەولێر:

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، لە پلانیاندایە ساڵی داهاتوو هاورده‌کردنی بەرهەمە نەوتییەکان رابگرن و پشت بە بەرهەمی ناوخۆیی ببەستن.

مەحموود عەباس، بەڕێوەبەری پڕۆژە نەوتییەکان لە وەزارەتی نەوت رایگەیاند، پلانی وەزارەتی نەوت بۆ ساڵی2021 ئەوەیە کۆتایی بە هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بهێنن، روونیشیكردەوە، ئەو پلانە هاوتایە لەگەڵ سیاسەتی ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوت، کە پەیمانی دابوو هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بوەستێنن و پشت بە بەرهەمی پاڵاوگەکانی ناوخۆ ببەستن.

عەباس روونیشیكردەوە، وەزیری نەوت لەگەڵ دەستبەکاربوونی پەیمانیداوە، لە قۆناغی یەکەمدا هاوردەی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ نیوە دادەبەزێنن و لەگەڵ تەواوبوونی پڕۆژەی پاڵاوگەکان پێویستیان بە هاوردەکردن نامێنێت و پشت بە بەرهەمی ناوخۆ دەبەستن.

هاوکات ئەو بەرپرسەی وەزارەتی نەوت گوتیشی: پەتای کۆرۆنا کارکردنی کۆمپانیا بیانییەکانی لە پڕۆژەی پاڵاوگەکان پەکخست. ئاشكراشیكرد، چەندین پڕۆژە هەن بۆ باشترکردنی کوالێتی بەنزین و ئێستا لە قۆناغەکانی کۆتایی دان، بەڵام کارکردن تێیاندا پێویستی بە ئەزموونی بیانی هەیە.