ترەمپ بۆ ناتانیاهۆ: گەیشتنە رێککەوتن لەگەڵ ئێران لە پێشینەی کارەکانە
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیامێکدا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، جەختی لەسەر بەردەوامی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران کردەوە و هۆشداری دایە تاران کە ئەگەر ڕێککەوتن ئەنجام نەدرێت، رووبەڕووی لێکەوتەی توند دەبنەوە، هاوکات رایگەیاند ئێستا ئاشتییەکی ڕاستەقینە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرقەرارە.
چوارشەممە 11ـی شوباتی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس ، وردەکاری کۆبوونەوەکەی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و شاندی یاوەری بڵاو کردەوە و رایگەیاند کە کۆبوونەوەیەکی زۆر باش بووە.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەسەر بەردەوامی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران کردووەتەوە بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا رێککەوتن دێتە ئاراوە یان نا. ترەمپ دەڵێت: بە سەرۆک وەزیرانم ڕاگەیاند کە گەیشتن بە ڕێککەوتن لە پێشینەی کارەکانمان دەبێت، بەڵام ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، ئەوا دەبێت چاوەڕێی ئەنجامەکان بین و ناتانیاهۆی لێ ئاگەدار دەکەمەوە.
ترەمپ هۆشدارییەکی ئاراستەی تاران کرد و وەبیری هێنایەوە کە جاری پێشوو کاتێک ئێران نەیویست رێککەوتن بکات، رووبەڕووی ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەو بووەوە کە زیانێکی زۆری پێگەیاندن. ترەمپ هیوای خواست ئەمجارە ئێران ژیرانەتر و بەرپرسانەتر مامەڵە بکات.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ترەمپ ئاماژەی بە پەیوەندییە بێ وێنە و پتەوەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل کرد و رایگەیاند کە لەگەڵ ناتانیاهۆ باسیان لەو پێشکەوتنە گەورانە کردووە کە لە کەرتی غەززە و ناوچەکە بە گشتی بەدەستهاتوون.
ترەمپ بە گەشبینییەوە کۆتایی بە پەیامەکەی هێنا و نووسیویەتی: ئێستا بە راستی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرقەرارە.
هەروەها دوای بڵاوکردنەوەی پەیامەکە، میدیاکانی ئەمریکا بڵاویان کردەوە، کە بنیامین ناتانیاهۆ، کۆشکی سپی بەجێهیشتووە و کۆبوونەوەکەیان نزیکەی سێ کاتژمێر خەیاندووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ناتانیاهۆ، لە دوێنی سیشەممەوە گەشیتە واشنتن بۆ تاوتوێکردنی پرسی ئێران لەگەڵ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هاوکات هەر ئەمڕۆ لەگەڵ هەریەکە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جارید کوشنەری زاوای و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.