تا ئێستا 5046 چەکداری داعش لە زیندانەکانی سووریاوە گواستراونەتەوە بۆ عێراق
سەرجەم ئەو چەکدارە داعشانەی گواستراونەتەوە عێراق لە زیندانی کەرخ لەنێو فڕۆکەخانەی بەغدا لە ڕێوشوێنێکی ئەمنی توندوتۆڵدا زیندانی دەکرێن تا ئەو کاتەی دادگایی دەکرێن، تێچووی گواستنەوە و خواردن و مانەوەیان لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە دابین دەکرێت، ئەو چەکدارانەی داعش گواستراونەتەوە عێراق بەشێکیان سەرکردەی باڵای داعشن و پێشووتر لە عێراق کردەوەی تیرۆریستیان ئەنجامداوە و بڕیاریشە بەپێی یاسای سزادانی عێراقی دادگایی بکرێن
خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق لەو بارەوە بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، ئەو چەکدارانەی داعش کە لە سووریاوە دەگوازرێنەوە بۆ عێراق، بە هیچ شێوەیەک ڕەوانەی زیندانەکانی هەرێمی کوردستان وەک زیندانی سۆسێ یان چەمچەماڵ ناکرێن.
ئاماژەی بەوە کرد، ئەو زیندانانە بۆ تاوانبارانی ئاسایی و مەدەنین، لە کاتێکدا ئەم کەسانە تیرۆریستن و دەبێت لە زیندانێکی تایبەت لە بەغداد و لەژێر چاودێرییەکی توندی ئەمنیدا بمێننەوە. هەروەها جەختی کردەوە کە تا ئێستا 5 هەزار و 46 زیندانی لەو جۆرەیان وەرگرتووە.
لایەنە شیعەکان گواستنەوەی چەکدارانی داعش بۆ عێراق بە بۆمبێکی تەوقیتکراو دەزانن کە لە هەر کاتێکدا بێت دەبێتە مەترسی لەسەر عێراق و هەوڵێکە بۆ دووبارە سەرهەڵدانەوەی تیرۆر لەم ناوچەیە
هەروەها محەممەد بەلداوی، ئەندامی هاوپەیمانی سادقوون هۆشداری توندی دا لە هێنانەوەی چەکدارانی داعش و پرۆسەکەی وەک "بۆمبێکی تەوقیتکراو" وەسف کرد و گوتی: بوونی ئەم هەزاران تیرۆریستە لە ناو خاکی عێراق، لە هەر ساتێکدا بێت مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی و وەک هەوڵێک دەیبینێت بۆ دووبارە سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و نائارامی لە ناوچەکەدا.
سوونەکان لەم پرسەشدا لەگەڵ شیعە ناکۆکن و بۆچوونی جیاوازیان هەیە، بەلای لایەنە سووننیەکانەوە گواستنەوەی چەکدارانی داعش پرۆسەیەکی ئاساییە و بەپێی ڕێککەوتن لەنێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی سووریا ئەنجامدراوە
محەممەد کەربولی، ئەندامی هاوپەیمانی عەزم، پشتیوانی لە پرۆسەکە کرد و ڕایگەیاند، باشتر وایە دوژمن لە پێش چاوی خۆت بێت". کەربولی پێی وایە هێنانەوەی ئەم چەکدارانە بۆ عێراق هەلێکی گرنگە تاوەکوو لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەکانەوە زانیاری وردیان دەستبکەوێت لەسەر ئەو وڵات و لایەنانەی کە لە ساڵی 2014دا هاوکاری داعشیان کردووە و ناردوویانن بۆ عێراق، و ئەمەش بە مەلەفێکی گرنگ بۆ ئاسایشی وڵات دادەنێت.
لەدوای شکاندنی دەرگای زیندانەکان لە سووریا، چەندین چەکداری داعش بە پشتێنەی بۆمبڕێژکراوەوە لە سنووری نێوان عێراق و سووریا لە پارێزگای ئەنبار پێش خۆ تەقاندنەوەیان دەستگیرکراون