هێزەکانی هاوپەیمانان لە بنکەی تەنەف لە سووریا کشانەوە

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکات، فیرقەی 54ـی وەزارەتی بەرگری سووریا لە بنکەی تەنەف و دەوروبەری جێگیرکراون و رێکاری توند گیراوەتەوەبەر.

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەک، تەواوی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە بنکەی تەنەف لە سووریا بەرەو ئوردن کشاونەتەوە و بنکەکەیان رادەستی وەزارەتی بەرگری سووریا کردووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، فیرقەی 54ـی وەزارەتی بەرگری سووریا لە بنکەی تەنەف و دەوروبەری جێگیرکراون و رێکاری توند گیراوەتەوەبەر.

هەروەها باس لەوەکراوە، تاوەکو ئێستا هۆکاری کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە بنکەی تەنەف ئاشکرا نەکراوە.

بنکەی سەربازی تەنەف دەکەوێتە سەر سنووری سووریا، عێراق و ئوردن، هێزەکانی هاوپەیمانان لە شەڕی دژی داعش لەو بنکەیە جێگیرکران و بە تیرەی 55 کیلۆمەتر دەوروبەری بنکەکەیان داخست بووە شوێنێکی ستراتیژی بۆ چاودێری کردنی جموجۆڵی سەربازی و پاراستنی هێڵەکانی گەیاندن بۆ نێو قووڵایی بادیەی سووریا.

هاوپەیمانان لە چەند بنکەیەکی سنووری پارێزگای حەسەکە، بەتایبەت لە (ڕومەیلان و شەدادی)، دەستیان بە گۆڕانکاری کردووە. ئەم ناوچانە ناوەندی سەرەکی لۆجیستی و فڕۆکە جەنگییەکان و درۆنەکانی هاوپەیمانان بوون. 

ئەم کشانەوەیەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە بنکەی تەنەف، دوای 10 ساڵ لە جێگیربوونیان دێت 2016-2026، تەنەف کە بە 'کلیل'ی کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی سووریا، عێراق و ئوردن دەناسرا، دوای رێککەوتنی ستراتیژی نێوان بەغدا و واشنتن بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی چۆڵکرا.

 کشانەوەکە لە کاتێکدایە کە ناوچەی 55 کیلۆمەتری دەوروبەری بنکەکە، ساڵانێک بوو وەک ناوچەیەکی قەدەغەکراو لەبەردەم هێزەکانی حکومەتی سووریا و میلیشیاکاندا مابووەوە، بەڵام ئێستا بە فەرمی ڕادەستی فیرقەی 53ـی سوپای سووریا کراوەتەوە.