ڤیدیۆی چركه‌ساتی ئه‌و رووداوه‌ی دوو یاریزانه‌كه‌ی یانه‌ی برایه‌تی تێیدا به‌سه‌ختی بریندار بوون
K24- هه‌ولێر:
گوته‌بێژی پۆلیسی هاتووچۆی هه‌ولێر ڤیدیۆی چركه‌ساتی رووداوه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی هاتووچۆی ناو شاره‌دێی شاوه‌یسی له په‌یجی تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك بڵاوكرده‌وه، كه تێیدا دوو یاریزانی یانه‌ی وه‌رزشی برایه‌تی به سه‌ختی بریندار بوون.
له دیمه‌نه‌كانی ئه‌و گرته ڤیدیۆییه‌دا كه له‌لایه‌ن دوو كامێرای چاودێری جیاوازه‌وه گیراوه، دیاره كاتێك ژماره‌یه‌ك یاریزان له شوێنێك كۆبوونه‌ته‌وه و سه‌رقاڵی گفتوگۆن، له‌ناكاو ئۆتۆمبیلێكی جۆری كرایزله‌ر "Chrysler" ره‌نگی سلڤه‌ر خۆی به‌ناو یاریزانه‌كاندا ده‌كێشێت، هه‌رچه‌نده یاریزانه‌كان هه‌وڵی راكردن ده‌ده‌ن، به‌ڵام فریا ناكه‌ون و دوو له یاریزانه‌كان به سه‌ختی بریندار ده‌بن، له دیمه‌نه‌كانیشدا دیاره كاتێك یه‌كێكیان به ته‌واوی ده‌كه‌وێته ژێر ئۆتۆمبیله‌كه.
له یه‌كێك له گرته‌كانیشدا سه‌ره‌تای رووداوه‌كه تۆماركراوه و دیاره، كه ئۆتۆمبیلێكی جۆری گالوپه‌ر به‌خێرایی دێته ناو شه‌قامه‌كه و ئۆتۆمبیلی دیكه‌ی جۆری كرایزله‌ریش هه‌ر به خێرایی به شه‌قامه‌كه‌دا دێت و له‌ناوه‌ڕاستی شه‌قام خۆیان به‌یه‌كدا ده‌كێشن و له ده‌رچوونی كلایزه‌ره‌كه ئاراسته‌كه‌ی به‌ره‌و شۆڵده‌ر ده‌گۆڕدرێت و خۆی به‌ناو یاریزانه‌كاندا ده‌كێشێت.
H.B