بازرگانانی بەغدا لە بڕیارێکی دادگای فیدراڵی تووشی شۆک دەبن
دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی سکاڵایەکی تایبەت بە راگرتنی بڕیاری پێناسەی نوێی گومرگی رەتکردەوە، بازرگانانی بەغدا تووشی شۆک بوون و هۆشداریی دەدەن لەوەی ئەم بڕیارە زیانی گەورە بە بازاڕ و هاووڵاتییان دەگەیەنێت و دەرگایەکی نوێ بۆ گەندەڵی و جیاکاری سیاسی دەکاتەوە.
بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی هیچ دەرچەیەکی یاسایی بۆ بازرگانان نەهێشتووەتەوە تا لەو باج و پێناسە گومرگییە قورسە رزگاریان بێت. ئێستا چاوی بازرگانان لەسەر پەرلەمانی عێراقە تا لانی کەم جێبەجێکردنی بڕیارەکە بۆ ماوەی سێ مانگ دوابخات.
بازرگانان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهۆی ئەم گۆڕانکارییە کتوپڕانەوە، سەدان کۆنتێنەری باری بازرگانی زیاتر لە مانگێکە لە دەروازە گومرگییەکاندا ماونەتەوە و رێگرییان لێ دەکرێت.
بازرگانێک بە ناوی محەنمەد عیمران دەڵێت: "داوا لە حکوومەت دەکەن بۆ ماوەی 60 رۆژ بڕیارەکە رابگرێت تا بتوانن ئەو بارانەی پێشتر داوایان کردووە لە گومرگ دەربهێنن، چونکە هەر رۆژێک دواکەوتن تێچوویەکی زۆر دەخاتە سەر شانی بازرگان و لە کۆتاییشدا نرخ لەسەر هاووڵاتی گران دەبێت."
نیگەرانییە گەورەکە تەنیا زیادبوونی باج نییە، بەڵکو بازرگانان و ئەندامانی ژووری بازرگانی بەغدا باس لەوە دەکەن کە ئەم سیستمە نوێیە بە جۆرێک داڕێژراوە کە خزمەت بە لایەنە سیاسییەکان و کۆمپانیا دەستڕۆیشتووەکان دەکات.
عەمار، یەکێک لە بازرگانەکانی بەغدا، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم پێناسە نوێیە داهاتەکەی بۆ گەنجینەی دەوڵەت نییە، بەڵکو دەرگایەکە بۆ گەندەڵی و جیاکاری.
دەڵێت: "ئەو کەسانەی سەر بە حزبەکانن یان خاوەنی پڕۆژە نیشتەجێبووە گەورەکانن، ئاسانکارییان بۆ دەکرێت و تەنیا ئەوان لەم دۆخە سوودمەند دەبن، لە کاتێکدا بازرگانی بچووک و مامناوەند بەرەو پەککەوتن دەچن."
ئێستا بازرگانانی بەغدا داواکارییەکی فەرمیان ئاراستەی پەرلەمان کردووە بۆ ئەوەی: بریاری پێناسەی گومرگی نوێ لانی کەم بۆ ماوەی 3 مانگ رابگیرێت. پێداچوونەوە بە نرخەکانی گومرگدا بکرێت بە جۆرێک لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانی کەم دەرامەت بێت.
ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی لە کاتێکدایە کە بازاڕەکانی عێراق بەدەست ناجێگیری نرخی دینار و بەرزبوونەوەی نرخی کەلوپەلەوە گرفتارن، و جێبەجێکردنی ئەم پێناسە نوێیەش رەنگە شەپۆلێکی تری گرانبوونی نرخەکان لەگەڵ خۆی بهێنێت.