زۆرترین پارچە زەوی لە سنووری دهۆک دابەشدەکرێت
بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانی دهۆک ئاماژە بەوە دەکات، ئامادەکاری تەواو بۆ دابەشکردنی زەوی فەرمانبەران لە سنوورەکە کرایە و ئەمساڵ زۆرترین پارچە زەوی لە سنوورەکە دابەشدەکرێت.
ئەمیر ئەتروشی، بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانی دهۆک، بە کوردستان24ـی گوت: شارەوانی دهۆک بۆ دابەشکردنی زەوی لەسەر فەرمانبەرانی سنوورەکە ئامادەیە، نزیکەی 70 هەزار دۆسیەی فەرمانبەران لە شارەوانییەکەیان هەن، ئێستا خەریکی ڕووپێویی کردنی زەوین، هەر شارەوانییەک زەوییەکانی ئامادەبێت سەرەتا لەوێ وە دەستپێ دەکەین.
ئەترووشی گوتیشی: تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 789 پارچە زەوی دابەشکراون، چونکە دەمانەوێت لەدوای ئەوەی زەوییەکەی پێدرا، راستەوخۆ رۆژی دواتر بتوانێت تاپۆ بکات و هیچ گرفتێکی بۆ دروست نەبێت.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، لە سنووری شارەوانی دهۆک 10شارەوانی ئامادەن وەکو: بەردەڕەش، ئاکرێ، کەلەک، کەلەکچی، شاریا، خانکێ، زاویتە، شێلادزێ، دێرەلوک و چەند شوێنێکی دیکە.
لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران، بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی بە مەرجێک ماوەی خزمەتییان کەمتر نەبێت لە 8 ساڵ خزمەتکردن.
بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024، لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.