هەسەدە و سوپای سووریا هێزەکانیان لە تەل بەرەک کشاندەوە

سەرەڕای ئەوەی گەمارۆی سەر کۆبانێ هێشتا بەردەوامە، بەڵام قۆناخێکی دیکەی رێککەوتنی سەربازیی نێوان هەسەدە و حکوومەتی سووریا بە کشانەوەی هێزەکانی هەسەدە و سوپای سووریا لە شارۆچکەی تەل بەرەک جێبەجێکرا، گوتەبێژی هەسەدە دەڵێت" تاوەکوو ئێستا ژمارەی ئەندامانی ئەو لیوایانەی بۆ هەسەدە دادەمەزرێن، یەکلا نەکراوەتەوە و دانوستان هەر بەردەوامە".

هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی رێكکەوتننامەی نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بەردەوامە و قۆناخی دووەمی رێککەوتنەکە لە لایەنی سەربازییەوە لە ناوەندی شارۆچکەی تەل بەرەک گوندەکانی دەوروبەری جێبەجێکرا.

بە گوێرەی رێککەوتن، هێزەکانی هەسەدە لە ناوەندی تەل بەرەک و گوندەکان کشانەوە و شوێنەکانیان رادەستی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کرد، هاوکات سوپای سووریاش بەرەو شەدادێ و باشووری حەسەکەی هێزەکانی کشاندەوە.

دەربارەی جێبەجێکردنی قۆناخێکی دیکەی رێککەوتنەکە، فاروق عەلی ئەندامی هێزی ئاسایشی ناوخۆ لە رۆژئاوای کوردستان بۆ کوردستان24 گوتی" دوای ئاگربەست و رێککەوتن لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکوومەتی کاتی دیمەشق، بەگوێرەی رێککەوتنەکە، هێزەکانی هەسەدە لە ناوەند و دەوروبەری شارەکان دەکشێنەوە و دەچنە ئەو شوێنانەی بۆیان دەستنیشانکراوە لە چوارچێوەی ئەو لیوا سەربازیانەی بۆیان دادەمەزرێت. هاوکات هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەچنە بنکە و بازگە و شوێنەکانی هەسەدە و لە شارەکاندا، ئێستاش ئێمە وەک ئاسایشی ناوخۆ هاتووین شوێنەکانی هەسەدە لە شارۆچکەی تەل بەرەک پڕ بکەینەوە".

دوای تەواوبوونی رێکارەکان و رێککەوتنەکە لە تەل بەرەک، پرۆسەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکوومەتی سووریا لە شارۆچکەکانی تەل حەمیس و تەل کۆچەر دەستپێدەکات. هەروەها هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە فەرمی لە بارەگاکانی ئەو لیوایانەی بۆیان دامەزراوە، جێگیر دەبن. 

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات ئاشکرای کرد، دوای تەواوبوونی قۆناخی سەربازی، دامەزراوە مەدەنی و خزمەتگوزارییەکانی حکوومەتی سووریا دەگەڕێنەوە شار و شارۆچکەکانی رۆژئاوای کوردستان و هەنگاوێکی دیکەی رێککەوتن جێبەجێ دەکرێت.

فەرهاد شامی، گوتەبێژ و بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی  هێزەکانی سووریای دیموکرات هەسەدە بە کوردستان24 راگەیاند" پرۆسەی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە ئێستا لەسەر بنەمای چوار لیوا دابەشبووین؛ لیوایەک بۆ دەڤەری کۆبانێ دەبێت و سێ لیواکەی دیکەش لە سنووری هەرێمی جزیرە جێگیر دەکرێن". 

گوتیشی: لیواکانی جزیرە دەبنە سێ بەش، یەکەمیان لە حەسەکە دەبێت کە ناوچەکانی دربێسی و سەرێکانی دەگرێتەوە، هەروەها لیوای دووەم لە قامشلۆیە دەبێت و عامودا، قامشلۆ، دەڤەری تەل بەرەک و تەل حەمیس دەگرێتەوە، لیوای سێیەمیش هەر لە دێرکەوە تاوەکوو تەل کۆچەر دەگرێتەوە. ئەمانە ئەو لیوایانە دەبن کە دادەمەزرێن. 

فەرهاد شامی باسی لەوەش کرد، تاوەکوو ئێستا ژمارەی ئەندامانی ئەو لیوایانی بۆ هێزەکانی هەسەدە دادەمەزرێن، یەکلا نەکراوەتەوە و دانوستانەکان هەر بەردەوامن.

پڕۆسەی گواستنەوەی ئەندامانی داعش لە زیندانەکان لە کۆتایی دایە و تاوەکوو ئێستا زیاتر لە پێنج هەزار ئەندامی داعش بۆ عێراق گواستراونەتەوە، بەڵام بەشێکی دیکەی رێککەوتنەکە تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی بۆ نەنراوە، ئەویش چارەنووسی ئەندامە بە دیلگیراوەکانی هەسەدەیە کە لە دەستی حکوومەتی سووریا دان. هەروەها هەڵگرتنی گەمارۆی سەر کۆبانێ. ئەگەر ئەم دوو خاڵە جێبەجێ بکرێن، ئەوا خاڵە سەرەکییەکانی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکوومەتی سووریا کۆتاییان دێت.