وەزارەتی دارایی: سبەی دەوامی بانکەکان بۆ دابەشکردنی مووچە ئاسایی دەبێت
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانکە بازرگانییەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەندراوێکدا وردەکاریی دابەشکردنی مووچەی بۆ رۆژی شەممە ئاشکرا کرد.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانکە بازرگانییەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، سبەی شەممە 14ـی شوباتی 2026، دەوامی سەرجەم ئەو بانکانە ئاسایی دەبێت کە بەرپرسن لە دابەشکردنی مووچە، ئەمەش بە مەبەستی تەواوکردنی لیستی مووچەی مانگی یەکی ئەمساڵ.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، سەرجەم ئەو مووچەخۆرانەی تا ئێستا مووچەی مانگی یەکیان وەرنەگرتووە، سبەی دەتوانن سەردانی بانکە پەیوەندیدارەکان بکەن و مووچەکانیان وەربگرن.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، مەرجێکی گرنگ بۆ وەرگرتنی مووچە دیاری کراوە؛ بە جۆرێک تەنیا مووچەی ئەو فەرمانبەرانە خەرج دەکرێت کە رێکارەکانی پرۆژەی "هەژماری من"ـیان تەواو کردووە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕوونی کردووەتەوە، "مووچەی ئەو فەرمانبەرانە خەرج ناکرێت کە تا ئێستا فۆڕمی ''هەژماری من"ـیان پڕ نەکردووەتەوە، یان ئەوانەی کارتە بانکییەکانیان گەڕاوەتەوە و تا ئێستا نەچوون بۆ وەرگرتنەوەی."
دوای نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە، 10ـی شوباتی 2026، بڕی 931 ملیار و 257 ملیۆن دینار، وەک تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەم خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
هەر هەمان رۆژ وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، لە راگەیەنراوێکدا لیستی مووچەی مانگی کانوونی دووەم (1)ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی راگەیاند، سبەش کۆتایی بە دابەشکردنی مووچە دێت.