پەرلەمانتارێکی بەریتانیا: پێویستە وڵاتانی رۆژئاوا دان بە رۆڵی کورد لە شەڕی دژی داعشدا بنێن

بامبۆس چارالامبۆس، ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا لەسەر لیستی پارتی لەیبەر (پارتی کرێکاران)، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ دلۆڤان عیمادەددین، پەیامنێری کوردستان24، جەختی لەوە کردەوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەت وڵاتانی رۆژئاوا، پێویستە دان بە قوربانیدانی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان لە تێکشکاندنی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشدا بنێن و سوپاسگوزاری ئەو ڕۆڵە گرنگە بن.

چارالامبۆس گوتی: "بە دڵنیاییەوە دەبێت دان بەو رۆڵەدا بنرێت کە خەڵکی رۆژئاوای کوردستان لە شەڕی دژی داعش گێڕایان. پێویستە وڵاتانی رۆژئاوا سوپاسگوزار بن و دانی پێدابنێن." ناوبراو هەروەها جەختی لەسەر پاراستنی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی سوریا کردەوە و گوتی: "پێویستە دۆستەکانمان لەیاد نەکەین و پارێزراوبن."

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی کرێکاران بەڵێنی دا کە ئەم پرسە لەگەڵ نووسینگەی کاروباری دەرەوەی بەریتانیا باس بکات و فشاریان لێبکات بۆ ئەوەی حکوومەتی بەریتانیا رۆڵی کاریگەری خۆی لە پاراستنی گەلی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی وەک عەلەوی و دروزەکان لە سووریا ببینێت. دووپاتیشی کردەوە، "دەبێت هەموو پێکهاتەکان لە سووریا پارێزراوبن".

سەبارەت بە رۆڵی بەریتانیا لە گفتوگۆکانی تایبەت بە چارەسەری سیاسی لە سووریا، چارالامبۆس ئاماژەی بەوەدا، لەوانەیە بەریتانیا راستەوخۆ بەشدار نەبووبێت، بەڵام کاریگەریی لەسەر لایەنە بەشداربووەکان هەیە. گوتیشی: "ئاگاداری پڕۆسەکەیە و تا رادەیەک کاریگەری هەیە، بەڵام لەوانەیە راستەوخۆ نەبێت."

پەرلەمانتارەکە داوای کرد، بە وریاییەوە چاودێری رێککەوتنەکان بکرێت و مانەوەی ئاگربەست مسۆگەر بکرێت. جەختیشی کردەوە، پێویستە فشارەکان بەردەوام بن بۆ دڵنیابوون لە پاراستنی کورد لە رۆژئاوا و ناوچەکانی دیکە.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، بامبۆس چارالامبۆس پلانی خۆی و هاوکارەکانی لە پەرلەمانی بەریتانیا خستەڕوو و گوتی: "دوای ئەوەی لە پشووی پەرلەمان دەگەڕێینەوە، هەوڵدەدەین پرسیار لە نووسینگەی کاروباری دەرەوە بکەین و دیبەیتێک لەسەر ئەو بابەتە لە پەرلەمان رێکبخەین. ماوەیەکە دیبەیت نەکراوە و هەر کاتێک بتوانین، هەوڵدەدەین ڕێکیبخەین."

ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە نیگەرانییەکان سەبارەت بە داهاتووی رۆژئاوای کوردستان و پاراستنی مافی پێکهاتە جیاوازەکان لە سوریا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەردەوامە.