ئیکۆ عێراق: خەرجی مانگانەی کارەبا 600 ملیار دینارە
ئیکۆ عێراق: کەرتی کارەبا گۆڕاوە بۆ ئاڵنگارییەکی ئابووریی ترسناک
عێراق مانگانە زیاتر لە 600 ملیار دینار لە کەرتی کارەبادا خەرج دەکات, کەچی کورتهێنانی دابینکردن زیاتر لە سەدا 40ـە.
روانگەی "ئیکۆ عێراق" لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، خەرجیی مانگانەی حکوومەتی عێراق لە کەرتی کارەبادا، 600 ملیار دیناری تێپەڕاندووە. روونیشی کردووەتەوە، ئەو پارەیە، مانگانە لە پێدانی مووچەی کارمەندانی وەزارەتی کارەبا، تێچووی چاککردنەوەی وێستگە و ئامێرەکان و کڕینی سووتەمەنیدا خەرج دەکرێت.
روانگەکە رەخنەی لە حکوومەتی عێراق گرتووە، سەرەڕای ئەوەی مانگانە ئەو ئەو هەموو پارە زۆرەیە لە کەرتەکەدا خەرج دەکات، بەڵام نەیتوانیوە وەک پێویست کارەبا بۆ هاووڵاتییانی دابین بکات، چونکە بە گوێرەی داتاکانی روانگەکە، مانگانە تەنیا 28 هەزار مێگاوات کارەبا بۆ هاووڵاتییان دابین دەکرێت، لە کاتێکدا پێویستییان بە 50 هەزار مێگاوات هەیە.
سەبارەت بە داهاتی کارەباش، سەرچاوەکە باسی لەوە کردووە، حکوومەتی فیدراڵ لە کۆکردنەوەی کرێی کارەبا سەرکەوتوو نەبووە، چونکە مانگانە تەنیا 0.17% کە دەکاتە نزیکەی یەک ملیار دینار؛ لە کۆی گشتیی داهاتی کارەبا دەگەڕێتەوە گەنجینەی دەوڵەت. روانگەکە دووپاتی کردووەتەوە، ئەم جیاوازە زۆرە لە نێوان خەرجی و داهات، رەنگدانەوەیەکی مەترسیدارە لە نەبوونی پلان و دیسپلینی دارایی و سیستەمی کۆکردنەوەی کرێی کارەبا.
روانگەکە جەختی کردووەتەوە، ئەو کەڵێنە گەورەیەی نێوان داهات و خەرجیی کارەبا، بووەتە هۆی زیادبوونی کورتهێنانی بودجە و بارگرانییەکی زیاتر لەسەر دارایی گشتیی وڵات. ئاماژەی بەوەش کردووە، بەردەوامی ئەم مۆدێلە بەڕێوەبردنە بە واتای چەسپاندنی قەیرانێکی درێژخایەن دێت کە تێچوونەکەی لە ئەستۆی هاووڵاتییە بەبێ ئەوەی خزمەتگوزارییەکی سەقامگیر وەربگرێت.
روانگەی ئیکۆ عێراق داوا لە حکوومەتی فیدراڵی دەکات، بڕیاری بوێر بدات و دەست بە چاکسازی راستەقینە و بنەڕەتی بکات لە کەرتی کارەبادا. دووپاتیشی کردووەتەوە، پرسی کارەبا، چیتر قەیرانی خزمەتگوزاری نییە، بەڵکوو گۆڕدراوە بۆ ئاڵنگارییەکی دارایی و ئابووریی کە بە شێوەیەکی راستەوخۆ، کاریگەری لەسەر سەقامگیریی دارایی وڵات هەیە.