زارین ئانجو: هونەرەکەم کردۆتە پردێک بۆ تێکەڵکردنی کولتووری باکوور و باشوور

زارین ئانجو، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا تیشک دەخاتە سەر کارە هونەرییەکانی و باس لە نوێترین بەرهەمی هونەری خۆی دەکات و ڕایگەیاند، گۆرانییەکی نوێم بڵاوکردەوە بەناوی "من دی جارا ئاولی" کە هی هونەرمەند ئەیاس زاخۆیی بوو، من زۆر حەزم لەو گۆرانییە بوو، بۆیە بڕیارمدا بەشێوازێکی جوان و نوێ بیڵێمەوە.

زارین ئانجو، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ، باس لە نوێترین بەرهەمی دەکات کە ئێستا بڵاوی کردووەتەوە و بە کوردستان24ی گوت، لەو چەند ڕۆژەی پێشووتردا، گۆرانییەکی نوێم بڵاوکردەوە بەناوی "من دی جارا ئاولی" کە هی هونەرمەند ئەیاس زاخۆیی بوو، من زۆر حەزم لەو گۆرانییە بوو، بۆیە بڕیارمدا بەشێوازێکی جوان و نوێ بیڵێمەوە، هیوادارم بەدڵی هەموو گوێگرە ئازیزەکانم بێت و چێژی لێ ببینن، گوتیشی، ئەوەی لە میوزیک تێبگات، دەشێ بەرهەمەکانی منی بەدڵ بێت.

زارین ئانجو گوتیشی: من بەشێوەیەکی گشتی گۆرانی کلاسیک دەڵێم و هەمیشە حەزم کردووە گۆرانی کلاسیک بڵێم، چونکە هەست دەکەم دەنگی من زۆ شێوازی کلاسیک زۆر گونجاوە و بەشێوەیەکی جوان دەتوانم ئەدای بکەم، بەبروای من، هونەرمەند دەبێت شێوازی دەنگی خۆی بناسێت، ناکرێت بە هەموو ستایلێک گۆرانی بڵێت، بەڵکوو دەبێت ستایلێک بۆ خۆی هەڵبژێرێت و لەسەر ئەو ستایلە خۆی ڕابێنێت، بۆ ئەوەی گوێگرەکانی ئاشنای ئەو ستایلە ببن و تێکەڵی ڕۆحیان بێت.

ئەو خانمە هونەرمەندە باس لە هەڵوێستی خۆی بۆ پشتیوانیکردن لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکات و دەڵێت: هەر کارێک دوور لە مرۆڤایەتی و میللەتەکەم بێت، بە هونەرەکەم دژی دەوەستمەوە، هەر چار پارچەی کوردستان، بۆ ئێمەی کورد یەکە، ئەوەی لە ڕۆژئاوا ڕوویدا زوڵمێکی گەورە بوو لە ئێمەی کورد کرا، بەڵام کورد سڵ لە هیچ شتێک ناکاتەوە و ئامانجی ڕوونە، بۆیە من هەمیشە بە هونەرەکەم پاڵپشتی میللەتی خۆم بوومە، ئەوەش گەورەترین شانازییە بۆ من.

لە کۆتایی قسەکانیدا، زارین ئانجو، باس لە پرۆژەی نوێی هونەری خۆی دەکات و دەڵێت: وەک ئاماژەم پێدا کە چەند ڕۆژێک پێش ئێستا، بەرهەمێکی نوێم بڵاوکردەوە، بەڵام پڕۆژەی نوێم هەیە، چەند گۆرانییەکی نوێم ئامادەیە و خەریکم کاری لەسەر دەکەم، بەڵام لە ئێستادا نامەوێت هیچ شتێک لەسەر بەرهەمی نوێم بڵێم، بەڵام ئەوە دەڵێم کە بەم زووانە چەند بەرهەمێکم بڵاو دەکەمەوە و هیوادارم بەدڵی هەموو لایەک بێت.

زارین ئانجو، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ، خەڵکی باتمانی باکووری کوردستانە و نیشتەجێی شاری هەولێرە، ماوەی 15 ساڵە گۆرانی دەڵێت و 10 ساڵە بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵ پیشەگەرە لە بوارەکەیدا و تا ئێستایش بەردەوامە.