وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: پێویستە مافی هەموو پێکهاتەکانی سووریا پارێزراو بێت
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ناوەرۆکی کۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە لەگەڵ مەزڵووم عەبدی و وەزیری دەرەوەی سووریا بڵاوکردەوە.
شەوی رابردوو (هەینی، 13ی شوباتی 2026)، لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەنێوان مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بەڕێوەچوو. ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریش، لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بوو.
تۆمی پیگۆت، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، "لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لە پشتیوانیی ویلایەتە یەکگرتووەکان کردووەتەوە بۆ سووریایەکی سەقامگیر کە لە ئاشتی و تەباییدا بێت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی و تێیدا مافی سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان پارێزراو بێت."
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە "مارکۆ روبیۆ پێشوازی لە پابەندبوونی حکوومەتی سووریا کردووە بۆ هاوکاری تەواو لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شەڕی دژی رێکخراوی داعش."
تەوەرێکی گرنگی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە دۆخی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا. لەم رووەوە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لە گرنگیی جێبەجێکردنی "ئاگربەستی هەمیشەیی" و "رێککەوتنی تێکەڵکردنەوە" لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵات کردووەتەوە، بەجۆرێک کە پاراستن و رێزگرتن لە مافی سەرجەم هاووڵاتیانی سووریا مسۆگەر بکات."