زێلێنسکی: رووسیا زیانی زۆری بە ژێرخانی کارەبا گەیاندووە

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی رووسیا، هەموو وێستگەکانی کارەبای وڵاتەکەی زیانیان بەرکەوتووە، لەکاتێکدا کیێڤ و هاوپەیمانەکانی مۆسکۆ تۆمەتبار دەکەن بەوەی بە ئەنقەست ئۆکراینییەکان لە گەرمبوونی ئۆکرانیا بێبەشکردووە، لەگەڵ دابەزینی پلەکانی گەرما.

ئەمڕۆ شەممە، 14ـی شوباتی 2026، زێلێنسکی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا گوتی: "یەک وێستگەی کارەبا لە ئۆکرانیا نییە کە بەهۆی هێرشەکانی رووسیا زیانیان پێنەگەیشتبێت"، ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێکجار توانیومانە پیش هێرشەکان مووشەکی نوێ بگەیێنینە سیستەمی پاتریۆت یان ناسمس، هەندێکجاریش لە کۆتا کاتەکاندا ئەوەمان کردووە.

سەرۆکی ئۆکرانیا راشیگەیاند، خوازیارین گەیاندنی مووشەک بۆ سیستەمی بەرگری ئاسمانی خێرا بکرێت، هەروەها رایگەیاندووە، چەکی پێشکەوتوو لە هەوڵە سیاسییەکان خێراتر کۆتایی بە جەنگ دەهێنێت.

زێلێنسکی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە بەپەلە رووبەڕووی ئەو وڵاتانە ببنەوە کە هاوکاری رووسیا دەکەن، گوتیشی، وڵاتەکەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی رێگریکەری پێویست بەرهەم دەهێنێت کە درۆنەکانی رووسیا بخاتە خوارەوە.

لە شوباتی 2022، رووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا و بەشێکی زۆری خاکی ئەو وڵاتەی داگیر کردووە، هەروەها دەیان هەزار کەس کوژراو و برینداربوون و ملیۆنان خەڵکیش ئاوارەی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بوون.