سێنتکۆم: لە دوو مانگدا زیاتر لە 50 تیرۆریستی داعش لە سووریا کوژراون و دەستگیرکراون
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئەنجامدانی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی و ئۆپەراسیۆنی نوێی بۆ سەر پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە سووریا راگەیاند.
بە گوێرەی راگەیەنراوێکی سێنتکۆم کە ئەمڕۆ شەممە، 14ـی شوباتی 2026، بڵاوبووەتەوە، هێزەکانیان لە نێوان 3 بۆ 12ی شوبات، 10 هێرشیان لە سووریا ئەنجام داوە و تێیدا زیاتر لە 30 ئامانجی داعشیان پێکاوه.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ئاماژە بەوەش کراوە، لەو هێرشانەدا کە بە بەکارهێنانی فڕۆکەی جەنگی، هەلیکۆپتەر و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامدراون، بە وردی ژێرخانی رێکخراوەکە و کۆگاکانی چەکی داعش بۆردومان کراون.
ئەوەشی خستووەتە روو، پێشتریش لە نێوان 27ی کانونی دووەم بۆ 2ی شوبات، هێزەکانیان پێنج هێرشی دیکەیان کردووەتە سەر بنکەکانی پەیوەندی، خاڵە هەستیارە لۆجستییەکان و کۆگاکانی چەک.
سێنتکۆم لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا ئاشکرای کردووە، لە ماوەی دوو مانگی رابردووی ئۆپەراسیۆنە ئامانجدارەکانیاندا، زیاتر لە 50 چەکداری داعش کوژراون یان دەستگیرکراون، هەروەها زیاتر لە 100 ئامانجی ژێرخانی ئەو رێکخراوە بە سەدان مووشەکی ورد وێران کراون.
ئەم زنجیرە ئۆپەراسیۆنە لەژێر ناوی "هۆک ئای" وەک وەڵامدانەوەیەکە بۆ هێرشەکەی 13ی کانونی یەکەم بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوبەشەکانیان لە تەدمور دەستیپێکردووە. شایانی باسە لەو بۆسەیەی داعشدا، دوو سەربازی ئەمریکی و وەرگێڕێکی ئەمریکی کوژران.