زانایان سیستەمێکی گەردوونیی سەیر دەدۆزنەوە کە تیۆرییەکانی دروستبوونی هەسارەکان پێچەوانە دەکاتەوە

زانایانی گەردوونناسی سیستەمێکی هەسارەییی نوێیان دۆزیوەتەوە کە تەحدای تیۆرییە باوەکانی ئێستا دەکات، بەو پێیەی هەسارەیەکی بەردین لە شوێنێکدا دروست بووە کە بەپێی یاسا گەردوونییەکان دەبووایە شوێنی هەسارەیەکی غازی بوایە.

بەپێی توێژینەوەکە کە لە رێگەی تەلەسکۆپی بۆشاییی ئەورووپی کیۆپسەوە ئەنجامدراوە، سیستەمەکە لە چوار هەسارە پێکهاتووە دووان بەردین و دووان غازی کە بە دەوری ئەستێرەیەکی بچووک و کزدا دەسووڕێنەوە بە ناوی (LHS 1903). ئەم ئەستێرەیە نزیکەی 117 ساڵی رووناکی لە زەوییەوە دوورە و دەکەوێتە ئاراستەی کۆمەڵە ئەستێرەی (Lynx).

ئەوەی جێگەی سەرنجی زانایانە ریزبەندیی هەسارەکانە. بەپێی تیۆریی باوی دروستبوونی هەسارەکان وەک کۆمەڵەی خۆر، دەبێت هەسارە نزیکەکان لە ئەستێرەکە بەردین و بچووک بن و هەسارە دوورەکان غازی و گەورە بن، چونکە ناوچە دوورەکان ساردن و رێگە بە کۆبوونەوەی غاز و سەهۆڵ دەدەن؛ بەڵام لەم سیستەمە نوێیەدا ریزبەندییەکە بەم شێوەیەیە، هەسارەی یەکەم (نزیکترین) بەردینە، هەسارەی دووەم غازی، هەسارەی سێیەم غازی و هەسارەی چوارەم دوورترین بەردین، کە ئەمە پێچەوانەی تیۆرییەکانە.

تۆماس ویڵسۆن، زانای گەردوونناسی لە زانکۆی وارویک لە بەریتانیا دەڵێت: ئەم سیستەمە تیۆرییەکان پێچەوانە دەکاتەوە و هەسارەیەکی بەردینمان پێشان دەدات لە دەرەوەی ناوچەی هەسارە غازییەکان.

توێژەران پێیان وایە رەنگە ئەم هەسارەیە لە قۆناغێکی درەنگدا دروست بووبێت کاتێک کەرەستەی پێویست بۆ دروستبوونی بەرگی غازی نەمابێت، یان رەنگە لە سەرەتادا غازی بووبێت بەڵام بەهۆی پێکدادان لەگەڵ تەنێکی دیکەی گەردوونیدا بەرگە غازییەکەی لەدەست دابێت، هاوشێوەی تیۆریی دروستبوونی مانگی زەوی.

ویڵسۆن ئاماژەی بەوە کردووە کە پلەی گەرمیی ئەم هەسارە نامۆیە 60 پلەی سیلیزییە، کە زۆر نزیکە لە بەرزترین پلەی گەرمیی تۆمارکراو لەسەر زەوی 57 پلە، بۆیە بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەکرێت شیاو بێت بۆ ژیان.

بڕیاریشە لە داهاتوودا لەرێگەی تەلەسکۆپی جەیمس وێبەوە چاودێریی وردتر بکرێت بۆ تێگەیشتن لە سروشتی بەرگەهەواکەی.