کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کاروباری بەشێک لە فەرمانگەکانی بە دیجیتاڵکردووە

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی کە لە 10ی تەممووزی 2019ـەوە دەستبەکاربووە، دیدگایەکی روونی بۆ گۆڕانکاری لە شێوازی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و بەدیجیتاڵکردنی دامودەزگاکانی حکوومەت هەبووە. ئەم کابینەیە جەخت لەوە دەکاتەوە کە هاووڵاتییان میحوەری کارەکانیان دەبێت و هەوڵیداوە لە رێگەی تەکنەلۆژیاوە، ئاسانکاری بۆ ژیانی رۆژانەی خەڵک بکات و شەفافیەت و کارایی لە کارەکاندا زیاتر بکات.

لەمچوارچێوەیەدا کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای بەربەست و ئەو قەیرانە داراییانەی حکوومەتی فیدراڵ بۆی دروست دەکات، توانیویەتی بەشێک لە کاری دامەزراوەکانی بە دیجیتاڵ بکات، ئەمەش لە پێناو کارئاسانی بۆ راییکردنی کاری هاووڵاتیان و خێراکردنی پرۆسەکانی جێبەجێکردن و شەفافبوونی کاروچالاکییەکەن، بە دیجیتاڵکردنی کارەکان ئەم سێکتەرانە لەخۆ دەگرێت:

یەکەم: بەدیجیتاڵکردنی گشتی و کەرتی بانکی

-بەدیجیتاڵکردنی کاروباری فەرمانگەکان،  گۆڕینی سیستەمی کاغەز و رۆتین بۆ سیستەمی ئەلیکترۆنی خێرا.

- بەبانکیکردنی مووچە "هەژماری من"،  پرۆژەیەک بۆ وەرگرتنی مووچە لە رێگەی هەژماری بانکییەوە لەبری پارەی کاش، کە تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 800 هەزار مووچەخۆر لە پرۆژەکە تۆمارکراون.

دووەم: وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی ئەلیکترۆنی

-قوتابخانەی ئەلیکترۆنی "ئی وانە،  پلاتفۆرمێکی ئۆنلاین بۆ پێشکەشکردنی وانەکانی خوێندن.

- هەڵسەنگاندن و بەدواداچوون،  سیستەمی ئەلیکترۆنی بۆ چاودێری و هەڵسەنگاندنی ئاستی خوێندکاران و مامۆستایان.

- کتێبخانەی ئەلیکترۆنی، دابینکردنی کتێب و سەرچاوەی خوێندنەوە بە شێوەی دیجیتاڵی.

-راهێنان، رۆگرامی ڕاهێنانی ئۆنلاین بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران.

سێیەم: تۆماری بازرگانی و کۆمپانیاکان

-تۆمارکردنی کۆمپانیا بازرگانییەکان، رێکارە ئەلیکترۆنییەکان بۆ دامەزراندنی کۆمپانیای نوێ.

- تۆمارکردنی ناوی بازرگانی، پاراستنی ناوی براند و نیشانە بازرگانییەکان لە ڕێگەی سیستەمی ئەلیکترۆنییەوە.

- تۆمارکردنی کاڵاکان، سیستەمی ئەلیکترۆنی بۆ ناساندن و پۆلێنکردنی کاڵا هاوردەکراو و ناوخۆییەکان.

چوارەم: خزمەتگوزارییە یاسایی و نێودەوڵەتییەکان

-تۆمارکردنی سکاڵا، سیستەمی ئۆنلاین بۆ پێشکەشکردنی سکاڵای هاووڵاتیان.

- ڤیزای ئەلیکترۆنی،  پرۆسەی داواکردن و وەرگرتنی ڤیزا بەشێوەی ئۆنلاین بۆ گەشتیاران و وەبەرهێنەران.

پێنجەم: سیستەمە ئەلیکترۆنییە کارگێڕی و خزمەتگوزارییە گشتییەکان

-سیستەمی ئەلیکترۆنی کارگێڕی، بەڕێوەبردنی کاروباری کارگێڕی فەرمانگەکان بەشێوەی ئەلیکترۆنی.

- دەستەبەری کۆمەڵایەتی (سۆشیال)، تۆمارکردن و بەڕێوەبردنی زانیارییەکانی بیمەی کۆمەڵایەتی.

- تۆماری نیشتمانی و نوێکردنەوەی زانیارییە کەسییەکان، سیستەمێک بۆ تۆمارکردن و نوێکردنەوەی داتای هاووڵاتیان.

- تۆماری بایۆمەتری، سیستەمی تۆمارکردنی زانیارییە زیندووەکانی وەک (پەنجەمۆر و وێنەی چاو) بۆ ناسنامە و هەڵبژاردن.

- مۆڵەتی شۆفێری، نوێکردنەوە و دەرکردنی مۆڵەتی شۆفێری بە سیستەمی ئەلیکترۆنی.

- پسوولەی خۆراک،  گۆڕینی پسوولەی کاغەز بۆ سیستەمێکی ئەلیکترۆنی.

- یەکەی ژمێریاری،  بەکارهێنانی سیستەمی ئەلیکترۆنی بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری دارایی و ژمێریاری.

- سیستەمی حەج و عومرە، رێکخستنی کاروباری حاجیان و عومرەکاران بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی.