بەهۆی گەمارۆی سەر کۆبانێ، منداڵێکی تەمەن 12 ساڵ گیانی لەدەستدا

بەهۆی بەردەوامیی گەمارۆ و نەبوونی خزمەتگوزارییە تەندروستییە پسپۆڕەکان لە شاری کۆبانێ، منداڵێکی تەمەن 12 ساڵ پاش ململانێیەکی سەخت لەگەڵ نەخۆشی، گیانی لەدەستدا.

گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، منداڵەکە ناوی دڵدار رێزانە و خەڵکی گوندی بۆغازی سەر بە کۆبانێیە، دڵدار تووشی نەخۆشییەکی سەخت ببوو، بەڵام بەهۆی گەمارۆی سەر شارەکە و نەبوونی پزیشکی پسپۆڕ و کەرەستەی پێویست لە نەخۆشخانەکانی کۆبانێ، نەتوانرا چارەسەری بۆ بکرێت.

کەسوکاری دڵدار رایانگەیاندووە، کوڕەکەیان پێویستییەکی زۆری بە وەرگرتنی خوێن و چاودێریی ورد هەبووە، کە تەنها لە نەخۆشخانەکانی شاری حەلەب بەردەست بووە، بەڵام بەهۆی داخرانی رێگاکان و گەمارۆی سەر ناوچەکە، نەیانتوانیوە بیبەن بۆ لای پزیشکی پسپۆڕ، ئەوەش بووەتە هۆی تێکچوونی زیاتری باری تەندروستی و دواجار گیانی لەدەستداوە.

کۆچی دوایی ئەم منداڵە جارێکی تر پرسی مەترسییەکانی گەمارۆی سەر ناوچەکە و خراپیی دۆخی مرۆیی و تەندروستی لە کۆبانێ و دەوروبەری هێنایەوە بەرباس، کە بووەتە هۆی ئەوەی نەخۆشەکان دەستیان بە کەمترین خزمەتگوزاریی پزیشکی رزگارکار نەگات.