جۆرجیا میلۆنی: ئیتاڵیا وەک چاودێر بەشداری لە ئەنجوومەنە ئاشتییەکەی ترەمپ دەکات

جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا
جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا

سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ ئەسیوبیا، رایگەیاند: وڵاتەکەی وەک "ئەندامی چاودێر" بەشداری لە "ئەنجوومەنی ئاشتی" دەکات کە لە لایەن سەرۆکی ئەمریکاوە سەرۆکایەتی دەکرێت، ئەمەش دوای ئەوەی بەهۆی بەربەستی دەستوورییەوە نەیتوانیوە وەک ئەندامی تەواو بەشدار بێت.

شەممە 14ـی شوباتی 2026، جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە میانی سەردانێکیدا بۆ  ئەدیس ئەبابای پایتەختی ئەسیوبیا، گوتی: وڵاتەکەی بە نیازە وەک چاودێر بەشداری لە "ئەنجوومەنی ئاشتی" بکات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەرۆکایەتیی دەکات.

میلۆنی پێشتر ئاماژەی بەوە دابوو کە بەهۆی هۆکاری دەستوورییەوە، ئیتاڵیا ناتوانێت ببێتە ئەندامی فەرمیی ئەنجوومەنەکە. بەڵام میلۆنی کە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ترەمپ هەیە، روونی کردەوە کە ئێستا واشنتن بانگهێشتی رۆمای کردووە بۆ ئەوەی وەک چاودێر پەیوەندی بە ئەنجەومەنەکەوە بکات، هەنگاوێک کە بە "چارەیەکی باش" وەسفی کرد.

سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا جەختی کردەوە، کە بوونی ئیتاڵیا و ئەوروپا لەو ئەنجوومەنەدا گرنگە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو کارەی کە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێویستە.

ئەمەش لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ لە مانگی کانوونی دووەمی رابردوودا و لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس، بە فەرمی دامەزراندنی ئەنجومەنەکەی لەگەڵ سەرکردە بانگهێشتکراوەکان راگەیاند. 

بە پێی راپۆرتەکان، ترەمپ بانگهێشتنامەی ئاراستەی نزیکەی 60 وڵات کردووە و تا ئێستا نزیکەی 25 وڵات رەزامەندییان بۆ پەیوەندیکردن بە "ئەنجوومەنی ئاشتی"یەوە دەربڕیوە.

هەر لەم چوارچێوەیەدا، وەزیرانی دەرەوەی سعوودییە، میسر، قەتەر، ئیمارات، ئوردن، تورکیا، ئیندۆنیزیا و پاکستان پێشوازییان لەو بانگهێشتنامەیە کردووە کە لە لایەن ترەمپەوە ئاراستەی سەرکردەی وڵاتەکانیان کراوە بۆ پەیوەندیکردن بە ئەنجوومەنەکەوە.

بڕیارە ترەمپ یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە، لە 19ـی شوبات لە واشنتن، لەگەڵ سەرکردەی ئەو وڵاتانە ئەنجام بدات، کە ئارەزوویان کردووە ببنە ئەندام لە ئەنجوومەنەکە.