ئەکسیۆس: ترەمپ و ناتانیاهۆ لەسەر زیادکردنی گوشارە ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران رێککەوتن
"ئەمریکا پێشنیازی کردووە ئێران بۆ ماوەی 3 بۆ 5 ساڵ پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرێت و بڕی 450 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ دەرەوەی وڵات بگوازێتەوە"
شەممە 14ـی شوباتی 2026، بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی کە لە زاری دوو بەرپرسی باڵای ئەمریکاوە بڵاوی کردووەتەوە، ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەیاندا لە کۆشکی سپی، لەسەر پلانێکی نوێ رێککەوتوون بۆ زیادکردنی گوشارە ئابوورییەکانی سەر ئێران، بەتایبەتی لە کەرتی فرۆشتنی نەوت بە چین.
ئەو ماڵپەرە باسی لەوەش کردووە، چین بە کڕیاری سەرەکیی نەوتی ئێران دادەنرێت و زیاتر لە 80%ی هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە بۆ چین دەچێت. واشنتن و تەلئەڤیڤ پێیان وایە ئەگەر پەکین ناچار بکرێت کڕینی نەوت لە تاران کەم بکاتەوە، ئێران ناچار دەبێت لە بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا پاشەکشە و سازشی گەورە بکات.
ئاماژەشی داوە، بۆ ئەم مەبەستە، ترەمپ 10 رۆژ لەمەوبەر مەرسوومێکی سەرۆکایەتی واژۆ کردووە کە رێگە بە وەزارەتەکانی دەرەوە و بازرگانی دەدات، سزای گومرگی تا رێژەی 25% بسەپێنن بەسەر هەر وڵاتێکدا کە بازرگانی لەگەڵ ئێران بکات، ئەمەش راستەوخۆ وەک کارتێکی گوشار دژی چین بەکاردەهێنرێت.
بەرپرسە ئەمریکییەکان ئاشکرایان کردووە کە ترەمپ و ناتانیاهۆ لەسەر ئامانجی کۆتایی هاوڕان، کە ئەویش ڕێگریکردنە لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بەڵام لەسەر شێوازی گەیشتن بەو ئامانجە جیاوازن؛ ناتانیاهۆ، پێی وایە هیچ رێککەوتنێکی باش لەگەڵ ئێراندا ناکرێت و تاران پابەندی هیچ واژۆیەکی نابێت؛ هاوکات ترەمپ، دەیەوێت چانسێکی دیپلۆماسی بدات و رایگەیاندووە، با تاقی بکەینەوە بزانین دەگەینە رێککەوتن یان نا.
سەرەڕای گوشارەکان، بڕیارە رۆژی سێشەممەی داهاتوو جارێکی دیکە جارید کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف، راوێژکارانی ترەمپ، لە جنێڤ لەگەڵ شاندی ئێرانی کۆببنەوە. ئەمە دووەم گەڕی گفتوگۆکان دەبێت و پێشتر لە رێگەی وەزیری دەرەوەی عومانەوە پەیامی توند ئاڵوگۆڕ کراوە.
بەرپرسێکی ئەمریکی دەڵێت: ئێمە زۆر واقیعییانە سەیری ئێرانییەکان دەکەین. تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەواندایە، ئەگەر رێککەوتنێکی راستەقینە و جێی رەزامەندی نەبێت، واژۆی ناکەین.
هەروەها هەندێک میدیای ئێرانی باس لەوە دەکەن کە ئەمریکا پێشنیازی کردووە ئێران بۆ ماوەی 3 بۆ 5 ساڵ پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرێت و بڕی 450 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ دەرەوەی وڵات بگوازێتەوە، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا بە فەرمی ئەو پێشنیازەیان رەت کردووەتەوە و دەڵێن هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەو قۆناغە.
رۆژی هەینی 6ـی شوباتی 2026، لە مەسقەت گەڕی نوێی دانوستان ئێران و ئەمریکا بە ئامادەبوونی بەدر بوسەعیدی وەزیری دەرەوەی عومان کۆبوونەوە، بە گوێرەی تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران، هەردوولا گفتوگۆیان لە بارەی دۆخی هەرێمی و نێودەوڵەتی و چەند پرسێکی دیکە کردووە.
لای خۆیەوە عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند؛ ئەم گەڕەی دانووستان لەگەڵ ئەمریکا دەستپێکێکی باش بوو.
چوارشەممە 11ـی شوباتی 2026، دۆناڵد ترەمپ، لە کۆشکی سپی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و شاندی یاوەری کۆبووەوە و و رایگەیاندبوو، کۆبوونەوەیەکی زۆر باش بووە.