ئۆباما بێدەنگی شکاند و وەڵامی ترەمپ دەداتەوە

(وێنە؛ ئەرشیف، باراک ئۆباما سەرۆکی پێشوتری ئەمریکا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئێستای ئەمریکا)
(وێنە؛ ئەرشیف، باراک ئۆباما سەرۆکی پێشوتری ئەمریکا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئێستای ئەمریکا)

باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشوتری ئەمریکا، سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەک کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە بڵاو کراوەتەوە بێدەنگی شکاند و گوتی: "میدیاکان بووەتە مەیدانی گاڵتەجاڕی". 

ئۆباما لە بەیاننامەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ زۆرینەی گەلی ئەمریکا ئەم جۆرە رەفتارانە بە نیگەرانی دەبینن. ئۆباما ئاماژەی بەوە کرد، سۆشیال میدیا و شاشەی تەلەفزیۆنەکان بوونەتە مەیدانی "گاڵتەجاڕی" تێیدا بەهاکانی رەوشت، سەلیقەی گشتیی و بەرپرسیارێتی سیاسی بەرەو داڕمان دەچن.

بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی "دەیلی بیست"، ئۆباما لەبری ئەوەی تەنیا سەرنج بخاتە سەر ناوەڕۆکی ڤیدیۆکە، دەرفەتەکەی قۆستەوە بۆ رەخنەگرتن لەو داڕمانەی لە گوتاری سیاسی ئەمریکادا هەیە. ئەو بە توندی هێرشی کردە سەر ئەو سیاسەتمەدارانەی پەرە بە وتەی توندوتیژ و دوور لە بەها کۆمەڵایەتییەکان دەدەن.

لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رەتیکردەوە داوای لێبوردن بکات و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "هیچ هەڵەیەکم نەکردووە"، هەرچەندە دانی بەوەدا نا  ناوەڕۆکی ڤیدیۆکە رەگەزپەرستانەیە.

ترەمپ لە بەرگریی کردن لەخۆی زۆر کەسی سەرسام کرد، گوتی: "تەنیا بەشی یەکەمی ڤیدیۆکەم بینیوە و سەیری تەواوی ڤیدیۆکەم نەکردووە." 

ئاماژەی بەوەش کرد، ڤیدیۆکەی رەوانەی ستافەکەی کردووە بۆ بڵاوکردنەوە، بەبێ ئەوەی ئەوانیش بە وردی سەیری بکەن.

ڤیدیۆکە ماوەکەی یەک خولەک بوو و دواتر سڕایەوە، جگە لەو دیمەنە سووکایەتیپێکردنانە، چەندین تۆمەتی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکانی 2020 لەخۆگرتبوو، تێیدا بە دەستکاری سیستەمی دەنگدان تۆمەتبار کرابوو بە دەستکاریکردنی ئەنجامەکان بۆ بەرژەوەندی دیموکراتەکان. لە کۆتایی ڤیدیۆکەدا، بۆ ماوەی یەک چرکە دەموچاوی باراک و میشێل ئۆباما وەک مەیموون دەرکەوت، ئەمەش وەک رەگەزپەرستییەکی روون ناوزەند کرا.

کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی، لە هەوڵێکدا بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە گوتی: "ئەمە تەنیا ڤیدیۆیەکی تەنزئامێز بووە، تێیدا ترەمپ وەک پاشای جەنگەڵ و دیموکراتەکان وەک کارەکتەرەکانی فیلمی پاشا شێر (The Lion King) نیشان دراون."

ئەم رەفتارەی ترەمپ تەنانەت لەناو پارتی کۆمارییەکانیشدا دەنگی ناڕەزایەتی لێکەوتەوە. تیم سکۆت، سیناتۆری کۆمارییەکان و تاقە ئەندامی رەشپێستی ئەو پارتە لە ئەنجوومەنی پیران، ڤیدیۆکەی بە یەکێک لە رەگەزپەرستترین شتەکان وەسف کرد، تا ئێستا لە بازنەی دەوروبەری کۆشکی سپییەوە بینرابێت.

هەفتەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا گرتە ڤیدیۆیەکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی تروس سۆشیال بڵاو کردەوە و لە ڤیدیۆیەکەدا ئۆباما و میشێلی هاوسەری بە شێوەیەکی نەشیاو و بە جلوبەرگی "مەیموون"ەوە نیشان دەدرێن. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و ئیدانەکردنی لە ناوەندە سیاسییەکانی ئەمریکای لێبکەوێتەوە.