لیندزی گراهام: رێگریمان لە پێشرەویی سوپای سووریا کرد بۆ سەر ناوچە کوردییەکان

لیندزی گراهام
لیندزی گراهام

لیندزی گراهام جەخت دەکاتەوە، ئەمریکا پشتی لە کورد نەکردووە، بەڵکوو دەڵێت، "رێگریشمان لە پێشرەویی سوپای سووریا کردووە بۆ سەر ناوچە کوردییەکان". 

لیندزی گراهام، سیناتۆری دیاری کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، لە پەراوێزی 62ـەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، بە چالاکوانێکی کوردی ئێزدی راگەیاند، ئەمریکا پشتی لە کوردەکانی سووریا نەکردووە و رێگرییان لە پێشرەوییەکانی سوپای عەرەبی سووریا بەرەو قوڵایی ناوچە کوردییەکان کردووە.

گراهام، خاوەنی پرۆژەیاسای "پاراستنی کورد" لە ئەنجوومەنی پیران، جەختی کردەوە، ھێزەکانی سووریای دیموکرات (ھەسەدە) ھاوپەیمانی سەرەکیی ئەمریکان لە شەڕی دژی تیرۆر و پێویستە لە سووریای نوێدا جێگەیەکی شایستەیان ھەبێت.

لەم دواییانەدا و لەگەڵ زیادبوونی نیگەرانییەکان لە ئەگەری ھێرشی حکوومەتی نوێی سووریا بۆ سەر کورد، سیناتۆر گراهام ھەوڵەکانی چڕکردووەتەوە. لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی 2026، گراهام بە ھاوبەشی لەگەڵ سیناتۆری دیموکرات، ریچارد بلومێنتڵ، پرۆژەیاسایەکیان بە ناوی "یاسای پاراستنی کورد" پێشکەشی ئەنجوومەنی پیران کرد. پرۆژەیاساکە ئامانجی سەپاندنی سزای توندی ئابوورییە بەسەر ھەر لایەنێک، حکوومەتێک یان دامەزراوەیەکی دارایی ھاوکاریی سەربازیی دیمەشق بکات بۆ ھێرشکردنە سەر ھەسەدە.

گراهام لە چەندین لێدوانی جیاوازدا رایگەیاندووە، پشتکردن لە کورد دوای تێکشکاندنی داعش، "ئابڕووچوون دەبێت بۆ ئەمریکا" و کارەساتێکی گەورە دەبێت بۆ ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی. ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە، ھەسەدە قورسترین باری شەڕی لەناوبردنی داعشی لە ئەستۆ گرتووە و نابێت رێگە بدرێت ببنە قوربانیی ململانێ سیاسییەکان. پرۆژەیاساکە پشتیوانییەکی بەھێزی ھەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتی لە کۆنگرێس بەدەستھێناوە.