گۆڤارێکی تایبەت بە هونەری شانۆ بڵاوکرایەوە

ئینستویتی داکۆ بۆ گەشەپێدانی هونەر و کولتوور، گۆڤارێکی وەرزی تایبەت بە هونەری شانۆ، بەناوی "داکۆ بۆ شانۆ" کە ئاراس عەبدوڵا، سەرپەرشتیاری  گۆڤارەکەیە و فریاد حەسەن کاری دیزایینی بۆی کردووە، لە سلێمانی بڵاوکردەوە.

یەکشەممە، 15ی شوباتی 2025، ئاراس عەبدوڵڵا، سەرپەرشتیاری گۆڤاری "داکۆ بۆ شانۆ" دەربارەی بڵاوبوونەوەی گۆڤارەکە، بە کوردستان24ی گوت: گۆڤاری "داکۆ بۆ شانۆ"، ئەوە یەکەم ژمارەیەتی بڵاودەبێتەوە، کە ناوەڕۆکەکەی بە تەواوەتی تەرخان کراوە بۆ هونەری شانۆ لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان، واتە شانۆی کوردی و شانۆی جیهانی، بابەتەکانی ناو گۆڤارەکە بریتییە لە وتار، لێکۆڵینەوە، شانۆنامە بە کوردی و شانۆنامەی وەرگێڕاوی جیهانی، بابەتەکانی ناوی لەلایەن نووسەرانی جیلی کۆن یان ئەوانەی نێوبانگیان هەیە لە شانۆی کوردیدا، لەگەڵ جیلی نوێ، ئەوانەی کە تازە دەست بە نووسین دەکەن.

ئاراس عەبدوڵڵا گوتیشی: ئامانجی گۆڤارەکە بە تەنیا چاپکردنی گۆڤار نییە، بەڵکو دەیەوێت پێشبڕکێیەکی گرنگ دروست بکات بۆ شانۆکاران و شانۆنامەنووسان لە کوردستان، ئەویش بە ناردنی دەقی کوردی بۆ ئەو پێشبڕکێیە، دەقە کوردییەکان لەلایەن لێژنەیەکەوە هەڵدەبژێردرێت و دواتر دەکرێن بە نمایشی شانۆیی. 

سەرپەرشتیاری گۆڤارەکە ئاماژەی بەوەش دا: گۆڤاری "داکۆ بۆ شانۆ"، خزمەتێکی گەورە بە لایەنە هونەرییەکان دەکات بەتایبەت لەرووی شانۆوە، هەروەها ئەو گۆڤارە رێخۆشکەر و رێدانەر دەبێت بۆ چەندین کاری نوێ و بەرهەمی ناوازە و گرنگ پێشکەش بە خوێنەرانی شانۆی کوردی و شانۆی وەرگێڕاوی جیهانی دەکات.

هەروەها گۆڤاری "داکۆ بۆ شانۆ" گۆڤارێکی وەرزییە و هەموو سێ مانگ جارێک ژمارەیەکی دەخرێتە بەردەستی خوێنەران و لەسەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستان بڵاودەکرێتەوە.